چڕبوونەوەی کەشی ئەمنیی شاری ڕەوانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان

دوابەدوای گیانلەدەستدانی مەلیحە حەسەن نەژاد، پەیمان گەلوانی و موسا ئیسماعیلی، کەشوهەوای ئەمنی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چڕتر بووەتەوە، بەهۆی ترسی حکومەت لە ڕاپەڕینی خەڵک.

ژوان کەرەمی

 

ڕەوانسەر- ڕەوانسەر یەکێکە لە شارەکانی کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" هەبووە و تێیدا ئازادیخوازان شانبەشانی گەلانی دیکە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە چەوسێنراونەتەوە، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان و بەدەستهێنانی ئازادی هاتنە سەر شەقام.

 

ئێستا دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک و بە گیان لەدەستدانی چەند ئازادیخوازێک لە کوردستان لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، کەشوهەوای ئەمنی لە شارەکەدا چڕ بووتەوە.

 

ڕۆژی چوارشەممە لە شاری ڕەوانسەر، چڕبوونەوەی کەشوهەوای میلیتاریزەکراو، کەشوهەوای ئەمنی توندبووە و خەڵک شاهیدی بوونی چەندین ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان بوون لەسەر دەوریەیەکی جێگیر و گەڕۆک لە شارەکەدا.

 

لە هەفتەی ڕابردوودا ڕۆژهەلاتی کوردستان شاهیدی گیانلەدەستدانی سێ کەسی پەیوەندیدار بە شۆڕشی " ژن، ژیان، ئازادی" بوو.

مەلیحە حەسەن نەژاد، دایکی محەممەد حوسێنی، گەنجێکی خەڵکی سەقز، دوای دوو جەڵتەی مێشک کەوتە کۆما و دوای حەوت مانگ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی زانیاری لەسەر مردنی محەممەد حوسێنی کوڕی زانی، تووشی جەڵتەی مێشک بووە و نزیکەی حەوت مانگ لە نەخۆشخانەی ڕەجایی تاران لە کۆمادا بوو، پاشان گیانی لەدەستدا.

 

سەرەڕای ئەوەی کە بنەماڵە و کەسوکارەکەی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە هەڕەشەیان لێکرا کە مافی ئەوەیان نییە مەراسیمی پرسەکە ئەنجام بدەن، بەڵام ئەم مەراسیمە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵک و وتنەوەی دروشمەکان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو.

 

هەروەها پەیمان گەلوانی، گەنجێکی خەڵکی شاری مەهاباد لە کاتی ڕاپەڕینی خەڵکی شاری مەهاباد دوای کوشتنی ژینا ئەمینی دەستبەسەرکرا و لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لە زیندانی ورمێ، پاش ئەشکەنجەی توند گیانی لەدەست دا.

 

دوای گواستنەوەی تەرمەکەی  بە مەبەستی ناشتنی لە شاری مەهاباد، هێزە ئینتزامییەکان هەوڵیاندا ڕێوڕەسمی ناشتنی بەنهێنی و بەبێ ئامادەبوونی خەڵک بەڕێوەببەن، بەڵام لەسەر داوای بنەماڵەی پەیمان گەلوانی، جەماوەرێکی زۆر بەشداری ئەو ڕێوڕەسمەیان کرد، لە گۆڕستانی بەداغ سوڵتان مەهاباد دروشمی "شەهید نامرێت" و "کاک پەیمان پاڵەوانە"یان وتەوە، شەهیدی کوردستان" ناڕەزایەتی خۆیان لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی لە زیندانەکانی ڕژێمی ئێران ئەنجامدەدرێت نیشاندا، ئەمەش کاردانەوەی هێزە سەرکوتکەرەکانی لێکەوتەوە.

 

لە دۆسیەی سێیەمیشدا، موسا ئیسماعیلی خەڵکی گوندی پێسوەی شاری پیرانشار، دەستبەسەرکرا و هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی نەبوو، بەپێی زانیارییەکان، ناوبراو لەژێر ئەشکەنجەی سەختدا لە زینداندا گیانی لەدەستداوە و هێزە ئەمنییەکانیش خێزانەکەیان لە مردنەکەی ئاگادارکردۆتەوە، بەڵام ئامادەنەبوون تەرمەکەی ڕادەستی کەسوکارەکەی بکاتەوە.

 

دوابەدوای ئەم ڕووداوانە، ترسی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران لە ناڕەزایەتی و سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکانی گەل دووبارە لە شارەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان، کەشوهەوای ئەمنیی لە شارەکان توندبووەتەوە، بوونی بەرفراوانی ئەو هێزانە لە جادە و گۆڕەپانی سەرەکی شارەکاندا دەبینرێت، لە شاری ڕەوانسەر، بوونی بەردەوامی سێ ئۆتۆمبێل لەسەر ڕێگای سەرەکی شارەکە و دەوریەی گەڕۆکی چەند ئۆتۆمبێلێک لەو شارە، بە ڕوونی ئاماژەیە بۆ ترسی حکومەت لە سەرهەڵدانی شۆڕشی شارەکانی ڕۆژهەڵات کوردستان.