یونیسێف و ڕێکخراوی تەندروستی جیهان:  ژنان قورسایی قەیرانی ئاو لە ئەستۆ دەگرن

ژنان بەر پرسیارن لە هێنانی ئاو لەو شوێنانەی کە دەستڕاگەیشتنیان بە ئاو نیە، لە ئەنجامی شیکارییەک ٧ لە کۆی ١٠ ماڵدا ژنان بەرپرسیارن لە هێنانی ئاو.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێ کە ئەمڕۆ لەلایەن یونیسێف و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە بڵاوکراوەتەوە، لەسەر ئاستی جیهانیدا ژنان زۆرترین بەرپرسیارێتییان هەیە لە هێنانی ئاو بۆ ماڵان، لەکاتێکدا کچان نزیکەی دوو هێندە زیاتر لە کوڕان بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن، هەروەها ڕۆژانە کاتێکی زیاتر بەسەر دەبەن بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە.

 

سیسیلیا شارپ، بەڕێوەبەری کۆمپانیای WASH و CEED لە یونیسێف دەڵێت: "هەموو هەنگاوێک کە کچێک دەینێت بۆ کۆکردنەوەی ئاو هەنگاوێک دوریان دەخاتەوە لە دەرفەتەکانی فێربوون، یاریکردن و ژیانێکی سەلامەت، دەستنەکەوتنی ئاوی پاکیش ئاستەنگی زیاتر بۆ ژنان دروستدەکات."

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لەسەر ئاستی جیهان، یەک ملیار و ٨٠٠ ملیۆن کەس لەو ماڵانەدا دەژین کە ئاوی پێویستیان بۆدابینکردنی پێداویستییەکانیان نیە، ژنان و کچانی تەمەن ١٥ ساڵ و سەرووتر بە پلەی یەکەم بەرپرسیارن لە هێنانی ئاو لە ٧ لە ١٠ ماڵ ژنان ئەو ئەرکەیان لە ئەستۆگرتووە، لە کاتێکدا کوڕان ٣ لە هەر ١٠ ماڵ ئاو دەهێنن لەو شوێنانی دەسڕاگەیشتنیان بە ئاوی پاک نیە.

 

هەروەها ٪٧ کچانی خوار تەمەنی ١٥ ساڵ ئاو دەهێنن، کوڕانی خوار تەمەنی ١٥ ساڵ بە ڕێژەی ٪٤  ئەگەری هێنانی ئاویان هەیە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ژنان ڕێگایەکی زیاتر بۆ هێنانی ئاو دەبڕن، کاتەکانیان بۆ خوێندن، کارکردن و کات بەسەربردن لەدەست دەدەن و خۆیان دەخەنە مەترسی برینداربوونی جەستەیی و مەترسییەکانی سەر ڕێگا.

 

ڕاپرسییەکانی ئەم دواییەی ٢٢ وڵات دەریدەخەن کە لە نێو ئەو ماڵانەی کە دەستشۆر و تەوالێتیان هاوبەشە، ژنان و کچان زیاتر لە پیاوان و کوڕان هەست بە نائارامی دەکەن لەکاتی ڕۆیشتن بە تەنیا لە شەودا و ڕووبەڕووی ئازاردانی سێکسی و مەترسییەکانی دیکەی سەلامەتی دەبنەوە.

 

جگە لەوەش، مەترسییە تەندروستییەکان بۆ ژنان و کچان زیاد دەکات و توانای بەڕێوەبردنی سوڕی مانگانەیان بە شێوەیەکی سەلامەت و تایبەت سنووردار دەکات، لە نێوان ٥١ وڵاتدا کە داتایان لەبەردەستدایە، ژنان و کچانی هەرزەکار لە هەژارترین ماڵەکان و ئەوانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن زۆرترین ئەگەری ئەوەیان هەیە کە شوێنێکی تایبەتیان نەبێت بۆ خۆشۆردن و گۆڕین.

 

ئەمڕۆش نزیکەی ٢.٢ ملیار کەس، یان یەک لە هەر ٤ کەس هێشتا ئاوی خواردنەوەی سەلامەتیان لە ماڵەکانیان نیە، ٣.٤ ملیار کەس  یان ٢ لە هەر ٥ کەس پاکوخاوێنی بەڕێوەبردنی سەلامەتیان نییە، نزیکەی ٢ ملیار کەس، یان یەک لە هەر چوار کەس، ناتوانن دەستەکانیان بە ئاو و سابوون لە ماڵەوە بشۆن.

 

لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠٢٢، دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خواردنەوە کە بە شێوەیەکی سەلامەت بەڕێوەدەبرێت، لە ٦٩ بۆ ٧٣ ٪ زیادی کردووە، پاکوخاوێنی بەڕێوەبردنی سەلامەت لە ٪٤٩ بۆ ٪٥٧ زیادی کردووە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی پاکوخاوێنی لە ٪٦٧ بۆ ٧٥ ٪ زیادی کردووە.