لە شاری سلێمانی یادی زەینەب کناجی کرایەوە

بۆ ڕێزگرتن لە خەباتی زەینەب کناجی و شەهیدانی مانگی حوزەیران ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک سیمینارێکیان ڕێکخست.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە بارەگای ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە شاری سلێمانی سیمینارێکی بۆ بەبیرهێنانەوەی شەهیدانی مانگی حوزەیران و زەینەب کناجی ناسراو بە "زیلان" ڕێکخست.

 

سەرەتای یادەکە بە خولەکێک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد و لە لایەن خانەوادەی شەهیدانەوە مۆمی وەفا و ڕێز بۆ شەهیدانی ئازادی کوردستان داگیرسێندرا.

 

پاشان نامەیەکی زەینەب کناجی خوێندرایەوە کە ئاماژەی بەوەکردووە، " گەلی کورد هەر لە مێژەوە لە لایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە چاودێری کراوە لە ڕووی پێشکەوتنی جڤاکیەوە، لە ئاستێکی نزمدا ماوەتەوە، نەک هەر خاکەکەی بەڵکو هەوڵدراوە زمان و هەستیشی لێ زەوت بکرێت، کوشتنی سپی کە توانەوەی گەلێکە بەسەر کوردا سەپاندوویانە، هەر بۆیە وەک ژنان لە هەوڵ و تێکۆشانمان بەردەوامین لە خەبات."

 

دواتر بەیاننامەی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە لایەن شەهێن محەمەدەوە خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، " لاپەڕەکانی میژووی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان لە پێناو ئازادی و بەدەستهێنانەوەی مافە ڕەواکان پڕە لە داستانی نەبەردی و قارەمانی کە ئاوێنەی تایبەتمەندی تاکی کوردن، ژنانی کوردیش لەم تێکۆشانەدا ڕۆڵێکی سەرەکیان هەبووە، بۆیە زەینەب کناجی "زیلان" و شەهیدانی مانگی حوزەیران بناغەی ئایندەیەکی ڕۆشنیان بۆ ئێمەی ژنان ئافڕاندووە."

 

لە درێژەی سیمینارەکەدا بەیاننامەی ژنانی ڕۆژهەڵات لەلایەن فاتمە ڕۆژهەڵاتییەوە خوێندرایەوە و وتی:"پێگەی تایبەت و جەوهەری ژن کاریگەری گرنگی لەسەر کۆمەڵگە و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی جێهێشتووە، بۆیە هێرش و تیرۆرەکان بۆ سەر ژنان تا ئەمڕۆش بەردەوامە، هەر بۆیە زەینەب کناجی دەڵێت:دەمەوێت ببمە هاواری ئازادیخوازی نەتەوەکەم و سیمبۆلی زیندووبوونەوەی ژنانی کوردستان، ئێمەش وەکو ژنانی پارچەکانی کوردستان درێژە بە خەباتی ئەو شەهیدانە دەدەین."

 

لە کۆتایی سیمینارەکە سینەفزیۆنێک لەسەر خەبات و تێکۆشانی زیلان کەناجی، ناگیهان ئاکارسەل، لێمان شویش و شەهیدانی مانگی حوزەیران خرایەڕوو.

 

" دەبێت زەینەب کناجی بە تەواوی مرۆڤایەتی بناسێنین"

سارا ڕەزا، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان ئەوەی خستەڕوو،  " ئەمڕۆ ٢٧ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر چالاکییە گیانبازییەکەی زیلان کەناجی، ئەمەش ڕۆژێکی ناخۆشە بۆ ئێمەی ژنان کە پێشەنگێکمان لەدەستچووە، بەڵام ئەوان مێژوویان بۆ خۆیان نووسییەوە و ئێمەش شانازیان پێوە دەکەین، وەکو ژنان لەسەر خەباتی ئەوان بەردەوام دەبین و دەبێت زەینەب کناجی "زیلان" بە تەواوی مرۆڤایەتی بناسێنین."