کوشتنی ژنان لە ئیدلب لە زیادبووندایە

لە ئیدلیب کە لەژێر داگیرکاریدایە، کوشتنی ژنان و هێرشکردنە سەر ژنان لە زیادبووندایە، مەنار عەبدولعەزیز، چالاکوان و پارێزەر ئاماژەی بەوەکرد، حەیات تەحریر شام فەرمی نییەو بکەرانی کوشتنی ژنان دەپارێزرێن.

هەدیل عومەر

 

ئیدلیب- لە ئیدلب کە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورک و حەیات تەحریر شامدایە، کوشتنی ژنان و هێرشکردنە سەر ژنان لە زیادبووندایە، مەنار عەبدولعەزیز، چالاکوان و پارێزەر ئاماژەی بەوەکرد، حەیات تەحریر شام هیچ فەرمی نییەو بکەرانی کوشتنی ژنان دەپارێزن.

 

فەیحا زیکور، تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی شاری کەفەر تەخاریم لە ڕۆژئاوای ئیدلب، بەهۆی ئەشکەنجەدانی لەلایەن ئەو پیاوەی هاوسەرگیری لەگەڵدا کردبوو، لە نەخۆشخانەیەک گیانی لەدەستدا.

 

خوشکی فەیحا، ڕیما زیکور، باسی لەوە کرد، خوشکەکەی هەمیشە لێی دەدرا و ئەو پیاوەی کە هاوسەرگیری لەگەڵدا کردبوو، توندوتیژی بەرامبەر کردووە و ئەشکەنجەی داوە، وتی: چونکە ئەو کێشانە زۆرجار ڕوویدەدا، خوشکەکەم دەیویست لە هاوژینەکەی جیاببێتەوە، بەڵام خێزان و کەسوکارەکەی نەیانهێشت ئەو هەنگاوە بنێت، هەمیشە دەستوەردانیان دەکرد و دەیانویست کێشەکانی نێوان ئەو و هاوژینەکەی چارەسەر بکەن.

 

"زانیاریی گیان لەدەستدانیمان لە کارمەندێکی نەخۆشخانەوە وەرگرتووە"

 ڕيما زکور ئاماژەی بەوەکرد، هەواڵی گیان لەدەستدانی خوشکەکەیان له کارمەندێکی نەخۆشخانەوە وەرگرتووەو وتی: دوای لێدانی له لایەن هاوژینەکەی، بردیانه نەخۆشخانه و دوای ئەوەی زانیویەتی بارودۆخی باش نییە، ڕایکردووە، پزیشکەکان پێیان ڕاگەیاندین هۆکاری گیان لەدەستدانەکەی بەهۆی لێدانی قورسەوە بووە، بە ئاسنێک یان ئامێرێکی ڕەق لە سەری و هەندێک شوێنی دیکەی جەستەی دراوە، بەهۆی ئەوەوە گیانی لەدەستدا.

 

ئەو پیاوەی کوشتوویەتی لەناو گروپکی چەتەکاندایە

ڕایدە ئەلخەلوف، تەمەن ٢٧ ساڵ، کۆچبەرە لە کامپەکانی شارۆچکەی ئەتمە لە سنووری باکووری ئیدلب، لەلایەن هاوژینەکەیەوە کە لە گروپێکی چەتەکاندایە، تەقەی لێکرا و گیانی لەدەستدا.

 

بە وتەی بەشێک لە کەسوکاری ڕایدە ئەلخەلوف، ئەو پیاوەی کە هاوسەرگیری لەگەڵدا کردبوو، پ تەنها ٨ مانگ لە زیندان ماوەتەوە، هەروەها ڕاگەیەندراوە پڕوپاگاندەی ئەوەی کردووە کە پەیوەندی لەگەڵ کەسێکی تردا هەبووە، ئەمەش بیانوویەکە بۆ ئەوەی ئەو سزایەی لە دژی دراوە، لە دامەزراوە دادوەرییەکانی پەیوەست بە "حەیات تەحریر شام"  سووک بکرێت.

 

ژنان بێ پاراستن دەمێننەوە

دایکی ڕایدە ئەلخەلوف تەمەن ٥٢ ساڵ ئاماژەی بەوەکرد، هیچ چاودێرییەک نییە و یاساکانی تەحریر شام هاندەری ئەو جۆرە ڕووداوانەن، هیچ یاسایەک نییە بۆ ئەوەی تۆمەتەکان لەبەرچاو بگیرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی کوشتنی ژنان، ژنان بێ پاراستن دەمێننەوە.

 

"دادگای تەحریر شام فەرمیی نییە"

مەنار عەبدولعەزیز، چالاکوان و پارێزەر ڕایگەیاند، گرنگە فشار بخرێتە سەر دەسەڵاتی دادوەری بۆ سەپاندنی قورسترین سزا بەسەر ئەو کەسانەی ئەو کارانە ئەنجام دەدەن، دادگاکانی تەحریر شام فەرمی نین چونکە تەنها گروپێکن و بە زەبری چەک بەسەر کۆمەڵگەدا سەپێندراون، هیچ یاسایەکی ڕاستەقینەیان نییە.

 

 لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا کە ڕێوشوێنی خۆپارێزی بەتایبەتی لە بواری ڕێکخستنی خێزاندا دەتوانێت ئەو کارانە سنووردار بکات.