کوشتنی پزیشکێک دوای دەستدرێژیکردنە سەری لە هیندستان ناڕەزایەتی لێکەوتەوە

لەئەنجامی ناڕەزایەتی پزیشکەکان دوای دەستدرێژی و کوشتنی پزیشکێک لە شاری کۆلکەتا لە ڕۆژئاوای هندستان، زۆرێک لە نەخۆشخانە حکومییەکان لە خزمەتگوزاری وەستان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕووداوێکدا کە شەقامی هندستانی هەژاند، تەرمی پزیشکێک بە چەند برینێکەوە لە نەخۆشخانەیەکی گشتی دۆزرایەوە، کە لە شاری کۆلکەتا کاری تێدا دەکرد و دەرکەوت کە پێش کوشتنی دەستدرێژی کراوەتە سەری.

 

دوێنێ ١٣ی ئاب، دەسەڵاتدارانی هندستان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکی سەرتاسەری پزیشکان بەهۆی دەستدرێژی و کوشتنی پزیشکێکی تەمەن ٣١ ساڵ لە شاری کۆلکەتا، خزمەتگوزاری نەخۆشخانەکان لە چەند شارێکدا پەککەوتووە.

 

میدیا ناوخۆییەکان بڵاویانکردەوە، هەزاران پزیشک لە ناڕەزایەتییەکدا بەرامبەر ئەو ڕووداوەی لە نەخۆشخانەیەکی سەر بە حکومەت ڕوویدا ڕێپێوانیان کرد و داوای دادپەروەری بۆ ئەو پزیشکە و باشترکردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانیان کرد.

 

زیاتر لە ٨ هەزار پزیشک کە لە ویلایەتی ماهاراشترا بۆ حکومەت کاردەکەن بەشداریان کرد، ئەمەش بووە هۆی وەستاندنی کارکردن لە هەموو بەشەکانی نەخۆشخانە جگە لە بەشەکانی فریاگوزاری.

 

 لە نیودەلهی پایتەختی هندستان، کلیپەکانی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، دەرکەوتووە کە پزیشکە گەنجەکان چاکەتی سپییان لەبەردایە و تابلۆیان بەرز کردووەتەوەو لە دەرەوەی نەخۆشخانەکە دانیشتوون بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ڕووداوەکە و داوای لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرد.

 

توندوتیژی زایەندی دژی ژنان لە هندستان بەربڵاوە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ڕۆژانە نزیکەی ٩٠ حاڵەتی دەستدرێژی زایەندی تۆمارکراوە، کە گەورەترین حاڵەتە لە جیهاندا و ژمارەی دانیشتووانی یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن کەسە، کۆمەڵەی پزیشکی توێژینەوەیەکی ئەنجامداوە و ئاشکرایکردووە کە ٧٥%یان بەرکەوتەی توندوتیژی بوون لە هندستان.