"کەسە یەکەمەکانی منداڵ بۆ پەروەردەیەکی دروست پشت بە بەهاکانی نەتەوەو کۆمەڵگە ببەستن"

ڕژاک بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵان، بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوەو ئاماژە بەوەدەکات، زۆر پێویستە کەسە یەکەمەکانی منداڵ بۆ پەروەردەیەکی دروست پشت بە بەها ئەخلاقییە ژیانییەکانی نەتەوە و کۆمەڵگە ببەستن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان  "ڕژاک"، بەبۆنەی ١ی حوزەیران، ڕۆژی جیهانی منداڵان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردووەتەوە تێیداهاتووە، بەبۆنەی هاتنەوەی ١ی حوزەیران، ڕۆژی جیهانی منداڵان، پیرۆزبایی لە منداڵانی کوردستان و جیهان دەکەین، لەو خێزانانەش، کە وا بەوپەڕی بەرسیارێتییەوە شان دەدەنە ژێرباری پیرۆزیی پەروەدەکردنی منداڵەکانیان و سەرکەوتن و گەشەسەندنی کۆمەڵگەکەیان لە بوونی پەروەردەیەکی دروست و بە بنەمادا دەبیننەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە قوڵایی باوەڕییان بە پیرۆزیی و بایەخی هەبوونی کۆمەڵگەیەکی پەروەردەبوو بە بنەما کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییەکانی، بەوەی کە منداڵ ئافرێنەری کۆمەڵگەیە، پێیان وایە دەبێت خێزانەکان، تایبەت دایکان و باوکان زیاتر هۆشیار و بەئاگابن و بەوەی کە دەوڵەت مناڵەکانیان بۆ پەروەردە و وەباردێنی هەڵنەخەڵەتێن و پەروەردەی منداڵەکانیان ڕادەستی دەوڵەت و لایەنی تر نەکەن لەژێر ناوی پەروەردەکردنیاندا، چونکە هەر دەوڵەت و سیستەمێک، هەر لایەنێک بەگوێرەی بەرژەوەندی و ستراتیژییەکانی وەباریان دێنێ، بۆیە پێویستییە خێزان و کەسە یەکەمەکانی منداڵ وریابن و بۆ پەروەردەیەکی دروستی خێزانی پشت بەخۆیان ببەستن و پێشگیری لە کاریگەربوونی منداڵەکانیان بکەن بەو سیستەم و یاسایانە بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکانیان پشت بە خۆیان و بەها ئەخلاقییە ژیانییەکانی نەتەوە و کۆمەڵگە ببەستن، لە مێژووی ڕاستینەی گەلەکەیان ئاگاداربن و پەی بە گرنگی پێگەی شوناس و جوگرافیای نەتەوەکەیان ببەن.

 

ڕژاک ئاماژەی بەوەشکردووە، لەبەرامبەر هەستیاری منداڵ و پەروەردەکردنیاندا بۆ ئاسۆیەکی گەش و کۆمەڵگەیەکی تەندروست پێویستە هەر تاکێک و لایەنێک خۆی بە بەرپرسیار و خاوەن پرسەکە بزانێت، ئەوە ڕاستییەکە کە پێویستە هەمووان بە ڕۆحێکی بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و پێش لە هەر پێشێلکاریی و ژێرپێکردنێکی مافی منداڵان بگرن، چونکە پێچەوانەی ئەمە ئەنجام و لێکەوتەی خراپ چاوەڕوانکراون، کە لە داهاتوودا کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر کۆمەڵگەدا ڕەنگ دەداتەوە.

 

ڕژاک داواش دەکات، منداڵ وا ڕابهێندرێن کە خاوەن ئیرادە و کەسێتی خۆبوو بن، منداڵان لە کارپێکردنی بەزۆر و ئەنجام نەدانی کارگەلێک کە لە دەرەوەی توانای جەستەیی و ڕۆحی منداڵدان، هەروەها هاوسەرگیری پێکردنی بێ خواست کە لە لەتەمەنی منداڵیدا پێیان ئەنجام دەدرێت، بۆ کەمکردنەوە و بنبڕکردنی ئەو دیاردە و پێشێلکاریانە پێویستە ڕێکخراو و دەزگا پەیوەندارەکان دەستوەردانی جددی بکەن و خۆیان بەخاوەن پرسەکە بزانن.