کەرکوک؛ لە چالاکییەکدا بۆ ڕووبەڕوونەوەی سێدارە لەکۆی ٢٦ کەس تەنها یەک ژن هەیە
لە شاری کەرکوک بە ئامادەبوونی ژمارەیەک چالاکوانی مەدەنی و سیاسی و هاوڵاتیانی شارەکە لە چوارچێوەی ڕۆژی جیهانی ڕووبەڕووبونەوەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان چالاکیەک ئەنجامدرا، ئەوەی جێی سەرنجە تەنها یەک ژن لەبەرامبەر ٢٥ پیاو ئامادەیە.

لاڤە کوردە
ناوەندی هەواڵ-١٠ی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدانە، ئەم ڕۆژە دەرفەتێکە بۆ ڕاوەستان و بیرکردنەوە لەسەر یەکێک لە قێزەونترین کردەوەکان کە هێشتا لە نزیکەی ٥٠ وڵاتی جیهاندا بەردەوامە، لە چوارچیوەی ئەمڕۆژەدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر لالیەن چالاکوانان و ئازادیخوازانەوە لە وڵاتان و هەرچوار لای کوردستان بەڕێوەدەچێت، لەبەرامبەر ئەم سزایە نارەزایەتی نیشان دەدرێت.
لە ئێستادا کە سزای لەسێدارەدان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە زیادکراوەو چەندین چالاکوان بە تایبەت چالاکوانان و ئازادیخوازانی کورد بە نا دادپەروەری ئەم سزایەیان بەسەردا سەپێندراوە، پیویستی بەوە هەیە کە کوردان و تەواوی جیهان بۆ ڕەتکردنەوەی ئەم سزایانە بەدەنگ بێن و چالاکی بەڕێوەببەن، سزای لەسێدارەدان کوشتنی بە ئەنقەستی دەوڵەتییە. پێویستە لە بەرامبەر ئەم سزا دڕندانەیەدا بەرگری لە مافی ژیانی مرۆڤ بکرێت، هەڵوێست وەرگرتنی ڕاشکاوانە و بێ شەرت و مەرج بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان لە هەر هەلومەرجێکدا، نەک هەر ئەرکێکی مرۆییە، بەڵکوو بەشێکە لە خەباتێکی گەورەتر لەپێناو دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دەستەبەرکردنی ئازادیدا، ١٠ی تشرینی یەکەم دەرفەتێکە بۆ بەبیرهێنانەوەی ئەم ڕاستییە کە ژیان مافێکە هیچ دەوڵەت و یاسا و ئیدئۆلۆژییەک بۆی نییە ئەم مافە لە مرۆڤەکان زەوت بکات.
لە یەکێک لەو چالاکییانەی لە چوارچیوەی ئەمڕۆژەدا بەڕیوەچوو، ئەمڕۆ لە باخچەی شەهید مارف بەرزنجی لە شاری کەرکوک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا چالاکوانان و هاوڵاتیانی کەرکوک داوایان کرد سزای لەسێدارەدان جێبەجێ نەکرێت و ڕابگیرێت، ئاماژە بەوەکرا، لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە تەواوی جیهاندا ١١٥٣حاڵەتی لەسێدارەدان جێبەجێکراوە، لە ساڵی ٢٠٢٢، ٢٤٢٨ بڕیاری لەسێدارەدان دەرچووە، لە ساڵی٢٠٢٤ ژمارەی ئەو کەسانەی لەسێدارەدراون گەشتووەتە ١٥١٨ کەس.
بەڕێوەچوونی ئەم چالاکییەی کەرکوک سەرنج ڕادەکێشێت بەوەی لە کۆیە ٢٦ جالاکوان و ئازادیخواز کە ئامادەی کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکە بوون، ٢٥ پیاوو تەنها یەک ژن هەن.
لەکاتێکدا کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و زۆرێک لە وڵاتانی جیهان زۆرێک لە ژنان ناڕەزایەتی دەردەبڕن لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و دژایەتی هەموو جۆرە لەسێدارەدانێک دەکەن، بەڵام لە باشووری کوردستان نەتواندراوە دەنگی ژنان لە بەرامبەر ئەم زوڵمەدا سەرهەڵبدات، هەرچەندە ژمارەیەک لە ژنانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوان دژی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ژناندا بەدەنگ هاتوون بەڵام نەتواندراوە تەواوی ژنان لە بەرامبەر پرسێکی وا هەستیاردا هۆشیار بن و دەنگیان بەرز بکەنەوە، بۆ نموونە لەو چالاکییەی کە لەکەرکوک تایبەت بە ڕۆژی جیهانی خەبات دژی سزای سێدارە بەڕێوەچووە، کە تەنها یەک ژن بەشداری کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەیە، دەرخەری ئەوەیە هێشتا ژنان بێدەنگن و ناتوانن لەپێناو مافی خۆیان و مرۆڤایەتی چالاکی ئەنجام بدەن.
دەبوو ژنانی باشوور دەنگی پەخشان و وریشەو شەریفە بن
لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لە ٨ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ و وریشە مورادی لە ١٠ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ بە تەواوەتی پەسەند کراوە، هەروەها لە ١٧ی ئابی ئەمساڵ راگەیەندرا کە سزای سێدارەی شەریفە محەمەدی زیندانیی سیاسیی لە زیندانی لاکانی ڕەشت لە لایەن لقی ٣٩ـی دادگای باڵای ئێران بە تەواوەتی پەسەند کراو ژیانیان لە مەترسیدایە.
ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، ڕێکخراوی هەرانا بڵاویکردەوە، لە ماوەی ١٣ مانگی ڕابردوودا ٤٩ ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون، هەروەها ١٩١ کەس سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
لەکاتێکدا دەبوو ژنان دەنگی وریشە مورادی و پەخشان و عەزیزی و شەریفە محەمەدی بن، یاخود بەرنەگاری سێدارەی سەدان بەداخەوە هێشتا ناوی ئەم سێ ژنەی کەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە سزای لەسێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە، نامۆیە لای ژنانی باشووری کوردستان و ئاگاداری ئەو سزایە نین، یاخود کاتێک چالاکی دەکرێت ژمارەی ژنانی بەشداربووی لە چالاکییەکاندا کەمە، بە تایبەت لە شاری کەرکوک کە هێشتا ژنان لە ژێر هەژموونی پیاوسالارییدان و پەراوێز خراون.