کۆنگرەی ستار: ئەو پرۆسەیەی پێیدا تێدەپەڕین زۆر گرنگ و هەستیارە
کۆنگرەی ستار ڕایگەیاند، شەهیدکردنی سیپان حوزنی مەترسییەکی ڕاستەوخۆیە لەسەر ئاسایش، ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان، دەبێت هەموو ئەوانەی دەستیان هەبووە لەو ڕووداوە، بە بێ دواکەوتن ئاشکرا بکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
ناوەندی هەواڵ
کۆنگرەی ستار، سەبارەت بە ڕووداوی شەهیدکردنی شەرڤانی لیوای حەسەکە سیپان حوزنی، بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:
“ئەم تاوانەی کە بە شێوازێکی دڕندانە ئەنجامدراوە، تەنها پێشێلکردنی مافی ژیان و کەرامەتی مرۆڤەکان نییە، بەڵکو لە هەمانکاتدا مەترسییەکی ڕاستەوخۆیە لەسەر ئاسایش، ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ژیانی پێکەوەیی گەلانی ناوچەکە. ئێمە لە بەرامبەر ئەم دڕندایەتییە و هەموو جۆرەکانی توندوتیژی، تۆڵەسەندنەوە و ئاژاوەگێڕییانەی کە دەیانەوێت کۆمەڵگە بخەنە ناو پێکدادان و ناکۆکییەکانەوە، هەڵوێستێکی ڕوون وەردەگرین و داوای دادپەروەری و لێپرسینەوە دەکەین.
ئەم هێرشە، پێشوەختە ڕوونە کە لە بەرژەوەندیی ئەو هێزانەیە کە نایانەوێت گەلانی کورد و عەرەب پێکەوە بە ئاشتیی بژین و لە سووریا بە ئیرادەی هاوبەشی گەلان ژیانێکی نوێ و دیموکراتیک بێتەکایەوە و ئاژاوەگێڕییەکی جدییە. بەتایبەت ڕووداوەکە لە ١٠ـی ئەیلوول، واتە دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک بوو کە لەسەر داهاتووی حەسەکە، دۆخی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و پێشخستنی پرۆسەی ئیتیگراسیۆن ئەنجامدراوە، ڕوویداوە و زۆر جێی سەرنجە.
هەر کاتێک لە ڕێگەی تێکەڵبوون و ژیانی پێکەوەییدا هەنگاوێک دەنرێت، لە دوای ئەوە هێرشی وەها کە دەیانەوێت کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان و ناکۆکییەکانی نێوان گەلان بەرز بکەنەوە، ڕوودەدەن. ئەمە بە ئەنقەست دەکرێت، لەبەر ئەمە، دەبێت هەموو کەسانی پەیوەندییدار بەم ڕووداوە و بەرپرسانی بەبێ دواکەوتن ئاشکرا بکرێن. هەر جۆرە پێکدادانێک کە ڕووبدات و دژایەتی لە نێوان گەلانی کورد و عەرەب درووست بکات و هەرێمەکە جارێکی تر بەرەو بازنەی شەڕ و تۆڵەسەندنەوە ببات، باجێکی قورس بۆ هەموو گەلان دەهێنێتە ئاراوە. ئەو پرۆسەیەی پێیدا تێدەپەڕین زۆر گرنگ و هەستیارە. لەبەر ئەمە، دەبێت گەلانمان لە بەرامبەر ئەم ئاژاوەگێڕییانەدا بە ئاگاداری و هۆشیاری، بە عەقڵ و هێمنییەوە ڕەفتار بکەن. هەروەها، بەرپرسانی حکومەت دەبێت بە بێ دواکەوتن بکەونە جووڵە، ئەم ڕووداوە لە هەموو لایەنەکانییەوە ڕوون بکەنەوە و هێزەکانی پشت ڕووداوەکە ئاشکرا بکەن.
لەبەر ئەمە، ئێمە وەک کۆنگرەی ستار داوا دەکەین:
١- لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ، ئاشکرا و بێلایەن لەسەر ئەم ڕووداوە دەستپێبکرێت و هەموو لایەنەکانی ڕوون بکرێنەوە.
٢- هەموو کەس و لایەنانەی کە لە پلاندانان، جێبەجێکردن و پشتیوانیکردنی ئەم تاوانەدا ڕۆڵیان گێڕاوە دیاری بکرێن و بەپێی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
٣- مافی ژیان، ئاسایش و کەرامەتی هەموو کەسێک بپارێزرێت و ڕێگە لە کوشتن، تۆڵەسەندنەوە و توندوتیژیی عەشایەری بگیڕێت.
٤- مافەکانی خێزانی قوربانییەکە بپارێزرێن و مافی ڕاستی، داد و لێپرسینەوەیان بۆ دەستەبەر بکرێت.
٥- دامەزراوە بەرپرسەکان بە بێ دواکەوتن هەنگاوی پێویست بنێن تا دووبارەبوونەوەی ڕووداوی وەها ڕێگری لێبکرێت و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بپارێزرێت.
٦- هەموو هێز و لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە دژی ئاژاوەگێڕییانەی کە دەیانەوێت گەلانی کورد و عەرەب دژی یەکتر بخەن، بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی هەڵبگرن و ڕێگەی ئاشتی، ژیانی پێکەوەیی و چارەسەری دیموکراتیک بپارێزن.
ئێمە بانگەواز لە هەموو دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و هێزە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین، کە لە بەرامبەر ئەم ڕووداوەدا بێدەنگ نەبن و بۆ پاراستنی مافی ژیان، داد و مافەکانی مرۆڤ هەڵوێستێکی ئاشکرا نیشان بدەن