کۆنگرەی ستار پشتگیری لە ژنانی هندستان دەکات

ئەنجومەنی کۆنگرەی ستار پشتگیری لە ناڕەزایەتی و خەباتی ژنانی هندستان کرد و ڕایگەیاند کە ئەوان لەگەڵ خەباتی ژنانی هندستاندان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە شاری کەلکوتا لە ویلایەتی بەنگالی ڕۆژئاوای هندستان، لە ٩ی ئابدا، دەستدرێژی زایەندی کرایە سەر پزیشکێکی ژن و دواتر کوژرا،  دوای ڕووداوەکە ژنان لە سەرانسەری هندستان چوونە سەر شەقامەکان و چالاکییان ئەنجامدا، لە میانەی چالاکییەکان، پانکارت بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرز کرایەوە.

 

کۆنگرەی ستار بە بەیاننامەیەکی نووسراو پشتیوانی ژنانی هندستان کرد و ڕایگەیاند کە ئەوان لەگەڵ خەباتیاندان، لە بەیاننامەکەدا هاتووە: هەزاران ساڵە سیستمی پیاوی دەسەڵاتدار و شەڕانگێز هەموو بوارەکانی ژیانی ژنانی گرتۆتەوە و بە عەقڵیەتی زایەندپەرستی ئازادی ژن لەناو دەبات و کۆیلایەتی دروست دەکات، زایەندپەرستی پیاوان هەموو کۆمەڵگەی خستووەتە ژێر تۆمار و بەندەکانی کۆیلایەتی، دڕندانەترین هێرش دژی ئەو ژنە خوێندەوار و ئازادیخوازە ئەنجام دەدات کە دەیەوێت دیواری کۆیلایەتی بشکێنێت و درک بە بوونی خۆی بکات، فشاری پیاوی دەسەڵاتدار تەنها لەسەر جەستەی ژن نییە، بەڵکو لەسەر تەواوی بوونی ژنە.

 

 لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، خەباتی ژنێکی ئازاد هەرگیز لە بەرامبەر کردەوە و هێرشی پیاوان بۆ سەر ژنان نەوەستاوە، لەگەڵ پەرەسەندنی فشار و زایەندپەرستی پیاوی دەسەڵاتدار، تێکۆشانی ژنان بۆ ژیانێکی ئازاد فراوان دەبێت و سنوورەکان تێدەپەڕن.

 

"خەباتی ژنان سنووری تێپەڕاند"

لە بەیاننامەکەدا، هێرشکردنە سەر ئەو پزیشکە لە هیندستان بە هێرشکردنە سەر هەموو ژنان پێناسە کراوە و وتراوە: لە شاری کەلکوتا لە هندستان ژنێک بووەتە قوربانی دڕندەیی و هێرشی پیاوێک، ژنە پزیشکێکی گەنج کە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک تێدەکۆشێت، لەلایەن پیاوانەوە هێرشی کراوەتە سەر و دەستدرێژی کراوەتە سەر و دواتر کوژراوە، ئەم هێرشە تەنها دژی ژنە گەنجەکەی کەلکوتا نەبوو، بەڵکو دژی هەموو ژنان بوو, پێویستە ژنان یەکبگرن بۆ ئەوەی جیهان ببێتە شوێنێکی ئازاد و سەلامەت بۆ ژنان, وەک چۆن ئازاری ژن سنوورەکان دەبڕێت، خەباتی ژن سنوورەکان دەبڕێت، فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" کە تیشک دەخاتە سەر خەباتی ژنانی کورد بۆ ئازادی بەدرێژایی ساڵان، بووەتە هێمای ئازادی کە ژن و تێکۆشانیان بۆ ئازادی یەکدەخات.

 

"خەباتی ژنان دەبێتە هۆی شکستپێهێنانی دەسەڵاتی پیاوان"

 لە زیلانانەوە تا ساکینە جانسزان، لە زەینەب جەلالیانەوە تا ژینا ئەمینی، لە ژنی کوردەوە بۆ ژنی هندی، خەباتی ژنان لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە و ڕێکدەخات، ژنێکی ڕێکخراو ژنێکی بەهێزە، خەباتی ڕێکخراوی ژنان دەبێتە هۆی شکستپێهێنانی دەسەڵاتی پیاوان و دنیایەکی ئازاد بۆ ژنان بونیاد دەنێت، ژنان دیواری کۆیلایەتی قبوڵ ناکەن و لە بەرامبەر فشار بەرخۆدان دەکەن، ئەمڕۆ بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەنگی ژنان لە هەموو جیهانەوە بەرز دەکرێتەوە، ئەمڕۆ خەبات بۆ ئازادی ژنانی جیهان لە هەموو کاتێک زیاتر ڕێکخراوترە، ئەو پشتگیرییەی ئەمڕۆ ژنان لە یەکتری دەکەن، خەباتەکە سەرکەوتوو دەکات.

"ئێمە لەگەڵ ژنانین"

لە بەیاننامەکەدا، هێرشکردنە سەر ئەو پزیشکە ژنە لە هندستان ئیدانە کراوە و ئاماژە بەوەکراوە: دەستی خۆمان دەدەینە ژنانی هیندستان و هەموو ئەو ژنانەی جیهان کە بۆ ئازادی خۆیان خەبات دەکەن، بەو هێز و ئەزمونەی کە بەدرێژایی ساڵان لە شۆڕشی ڕۆژئاوا و بە گشتی خەبات بۆ ئازادی ژنانی کورد و گەلی کورد بەدەستمان هێناوە، تا کۆتایی دژی سیستمی دەسەڵاتدار و پیاوی دەسەڵاتدار تێدەکۆشین، لەم خەباتەدا پشتیوان دەبین و لەگەڵ ژنان دەبین بۆ ئەوەی خەباتی ژنانی ئازاد لە هەموو بەشەکانی جیهاندا گەشە بکات و سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، ژن، ژیان، ئازادی.