کۆنگرەی ستار کاردانەوەی بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان نیشاندا
کۆنگرەی ستار لە بەیاننامەیەکی نووسراو کاردانەوەی بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی دەربڕی و ڕایگەیاند: ڕاپەرین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێتە هەوێنی یەکڕیزی ژنان.

ناوەندی هەواڵ
کۆنگرەی ستار لە بەیاننامەیەکی نووسراودا ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و شەریف محەمەدی چالاکوانانی ژن.
ئاماژە بەوە کراوە، بە سەدان ژن کە لە پێناو ئازادی خۆیان خەبات دەکەن لە زیندانەکانی ڕژێمی ئێران و تورکیا دەستبەسەر کراون و ئەشکەنجە دەدرێن.
لە بەیاننامەکەدا تیشک خراوەتەسەر سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئاماژە بەوە کراوە شۆڕشی ژنان کە لە ئێران دەستی پێکردووە سەلماندی سەدەی ٢١ سەدەی ژنەو سەرهەڵدانی شۆڕشگێرانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێتە هەوێنی بونیادنانی یەکگرتوویی ژنان.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: لە کاتی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر خاکی ڕۆژئاوا، ئەم خاکە بە خوێنی ژنان بونیاد نراوە، ئەرکی ئێمەیە وەک ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دژی ستەم بوەستینەوە.
کۆنگرەی ستارداوای لە ژنان کرد خەباتی خۆیان لە دژی سیستمە باڵادەستەکان بەهێزتر بکەن.