مامۆستایان و فەرمانبەران لە سلێمانی بۆ موچە پاشەکەوتکراوەکانیان گردبوونەوە

مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەردەم نوسینگەی پەرلەمانی عێراق لە سلێمانی گردبونەوە و داوایانکرد، حکومەتی هەرێم ناچار بکرێت، بە دانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٦ی حوزەیران،  لە بەردەم نوسینگەی پەرلەمانی عێراق لە شاری سلێمانی، بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم، تایبەت بە پرسی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان گردبوونەوەیان ئەنجامدا.

 

پاشان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، بە مەبەستی وەرگرتنەوەی موچە پاشکەوتکراوەکانیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی چەندین کوتلەی کاریگەری مەیدانی سیاسی عێراقیان کردووە، داوای پاڵپشتی و هەماهەنگیان کردووە .

 

ئاماژەیان بەوەشکرد، جگە لەو لایەنە عێراقیانەی بەڵێنی پشتیوانیکردنیان پێداون، هاوکات داوا لە سەرجەم کوتلە کوردیییەکانی پەرلەمانی عێراق دەکەن، قوت و مووچەی هاوڵاتییانی هەرێم نەکەن بە قوربانی پۆست و ناکۆکییە حزبییەکانیان و داکۆکی لە موچە و موچەی پاشکەوتکراوەکانی هەرێم بکەن.