ڕێکخراوی سارا بەیاننامەیەکی دژی لە سێدارەدانی چالاکوانان خوێندەوە
ڕێکخراوی سارا دژی توندوتیژی دژ بە ژنان بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانی بڵاوکردەوەو بڕیاری لەسێدارەدانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی شەرمەزار کرد و داوای زیادکردنی خەباتیان کرد.
کۆبانێ
ڕژێمی ئێران کە لە دوای شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە چوارچێوەی گرتن و ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدانی چالاکوانان کردارەکانی زیاد کردووە، لەم دواییانەدا بڕیاری سێدارە سەبارەت بە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان شەریفە محەمەدی و پەخشان عەزیزی درا کە ناڕەزایی و توڕەیییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
دژی ئەم بڕیارو پێشێلکارییانە، ئەمڕۆ ڕێکخراوی سارا دژ بە توندوتیژی دژی ژنان بەیاننامەیەکی بە بەشداری دەیان ئەندامی کۆنگرەی ستار، ئەنجومەنی ژنان، پارێزەران و چالاکوانان ڕاگەیاند.
بەیاننامەکە بەم شێوەیەیە:
بە گشتی ڕژێمی ئێران و هێزە دیکتاتۆرییەکان خەڵک بە گشتی و ژنان بە تایبەتی دەگرن و لە زیندانەکانی خۆیان لە ئێران دەیانهێڵنەوە، بەتایبەت چالاکوانانی مەدەنی و سیاسەتمەداران، ئەم کارە لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژنانەوە زیادی کردووە.
ڕژێمی ئێران بە هزری ئایینپەرستی و پیاوپەرستی و دواکەوتوویی هەموو مافەکانی ئازادی ژنان، تاکەکان، کۆمەڵگە و خەڵکی ئێران لەناو دەبات، زیاتر لە نیو سەدەیە بە سیستم و مەزهەبی خۆی، ژنان و مرۆڤەکان لە ئێران لە ژێر ناوی ئاییندا لە هەموو مافەکانیان زەوت کراون، لە بەرامبەر ئەم سیستمە دڕندەیە، کۆمەڵگەی ئێران خەبات و ڕاپەرینی خۆی بە پێشەنگایەتی ژنان ڕانەگرت، بۆیە هەموو ئەو پێشێلکاریانەی لە سێدارەدان و دەستبەسەرکردنەوە هاتبوون کاریگەرییان لەسەر یاخیبووان نەبوو و هێز و ئیرادە و خەباتیانی لاواز نەکردووە.
لەو چوارچێوەیەدا بڕیاری لەسێدارەدان لەسەر چالاکوانانی مافی ژنان، ڕۆژنامەنووس پەخشان عەزیزی و چالاکوان شەریفە محەمەدی درا، بەهۆی ئەندامێتییان لە تەڤگەرەکانی دژبەری ڕژێمی ئێران.
ئێمە وەک ڕێکخراوی سارا دژ بە توندوتیژی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە توندی ئیدانەی ئەم بڕیاری سێدارەدان و پێشێلکاریانە دەکەین کە بەرامبەر بە ژنانی ئێران ئەنجام دەدرێت، کە لە پێناو ئازادی و کۆمەڵگەدا خەبات دەکەن، ئەم بڕیارە دژی هەموو یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە سەبارەت بە مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان، بۆیە داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تەڤگەرەکانی ژنان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان بە بەرزکردنەوەی دەنگی ژنان و خەڵکی ئێران و هەروەها ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە بەرپرسیارێتی و ئەرکی خۆیان بەجێبهێنن و کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لەسێدارەدان بکەن.
بەیاننامەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.