ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور دڕندەیی و کوشتنی بەکۆمەڵ لە شاری فاشر شەرمەزار دەکات

لە نێوان پەرەسەندنی توندوتیژی و داڕمانی تەواوەتی ژێرخانی مرۆیی، ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور ئەو دڕندەیی و کوشتارە بەکۆمەڵانەی شەرمەزار کرد کە لە شاری فاشر و دەوروبەری ڕوودەدەن، کە لەم هەفتەیەدا گەیشتە لوتکە.

ناوەندی هەواڵ

 

 شاری فاشر کە چەند مانگێکە گەمارۆ دراوە، بووەتە یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان، بەتایبەتی دوای ئەوەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەستی بەسەر شارەکەدا گرت، وە هەزاران دانیشتووی ئەو شارە ڕووبەڕووی بارودۆخێکی ترسناک بوونەتەوە، لەوانە کوشتن و ئەشکەنجەدان و ڕفاندن.

 

پزیشکانی بێ سنووز"MSF"، ڕۆژی ٥ی تشرینی دووەم، ئەو دڕندەیی و کوشتنە بەکۆمەڵانەیان شەرمەزار کرد، کە لەم هەفتەیەدا لە شاری فاشر و دەوروبەری گەیشتە لوتکە، هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتیش نیگەرانییەکی زۆری دەربڕی بەرامبەر بەو مەترسییەی کە ڕووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوان دەبێتەوە، بە تایبەت ئەوانەی کە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا ڕێگرییان لێدەکرێت بگەنە شارۆچکەی تەویلە.

 

ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە، کە دوای ١٧ مانگ لە گەمارۆیەکی خنکێنەر و هێرشی بێوچان، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بە هۆی شەپۆلێکی توندوتیژی لە شاری فاشر ناچار بوون بەرەو تەویلە ئاوارەببن، هەروەها بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، فاشر هێشتا نزیکەی ٢٦٠ هەزار کەسی داڵدەداوە و ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانەی کە ماونەتەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژییەکی ترسناک دەبنەوە، لەوانە ئەشکەنجەدان، ڕفاندن بۆ فیدیە و کوشتن.

 

ڕوونیشیکردەوە، ژمارەیەکی زۆر کە ژن و منداڵ و بەتەمەنن، بەدەست ئاستێکی ترسناکی بەدخۆراکی دەناڵێنن، لەگەڵیشیدا زۆربەی منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە ٥٧٪یان بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن.

 

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر برسێتی لە ناوچەکەدا ڕاگەیەندراوە، قەیرانی مرۆیی بە شێوەیەکی بەردەوام خراپتر بووە و دانیشتووان بەدەست کەمی خۆراک و پێداویستییە گرنگ و ڕزگارکەرەکانی ژیانەوە دەناڵێنن، هەروەها لە ئەنجامدا زۆرێک ناچار بوون پشت بە خۆراکی ئاژەڵان ببەستن وەک تاکە سەرچاوەی مانەوەیان.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بە توندی شەرمەزاری کوشتنی زیاتر لە ٤٦ نەخۆش و هاوەڵەکانیانی کرد، جگە لە ڕفاندنی شەش کارمەندی تەندروستی، کە ئەمەش پێش چەند ڕۆژێک بوو لە نەخۆشخانەی منداڵبوون لە شاری فاشر، هەروەها  ئەم کارەساتە لە چوارچێوەی قەیرانێکی مرۆیی خێرادایە لە شاری فاشر لە باکووری دارفۆر، کە توندوتیژی و گەمارۆدانی بەردەوام و برسێتی و نەخۆشییە بەربڵاوەکان دەبێتە هۆی قوربانی مەدەنی زیاتر، لەنێویاندا منداڵان، لەگەڵ داڕمانی تەواوەتی سیستەمێکی تەندروستی لە ئێستادا.

 

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە سەرەتایی دەستپێکردنی شەڕەکەوە تا ئێستا ٤٦ کارمەندی تەندروستی لە شاری فاشر کوژراون، وە بەڕێوەبەری چاودێری تەندروستی سەرەتایی لە وەزارەتی تەندروستی پارێزگاگەشی تێدایە و ٤٨ کارمەندی دیکەش بریندار بوون، تا ئێستا چارەنووسی سێ کارمەندی ڕێکخراوی ناحکومی لە شاری فاشر نادیارە.

 

ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە، زیاتر لە ٢٦٠ هەزار کەس لە شاری فاشر گیریان خواردووە و بەرگەی بارودۆخێکی مرۆیی ترسناک دەگرن کە بە نزیکەی کەمی خۆراک و ئاوی پاک و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان تایبەتمەندن، هەروەها پەرەسەندنی توندوتیژییەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی هەزار کەسی لە شارەکە ئاوارە کردووە، کە لەنێویاندا ٢٦ هەزار کەسیان ڕوویان لە ناوچە گوندنشینەکانی دەوروبەری فاشر کردووە، لە کاتێکدا نزیکەی دوو هەزار کەس پەنایان بۆ تەویلە بردووە.

 

ڕێکخراوەکە پێشبینی دەکات کە تەویلە لە ڕۆژ و هەفتەکانی داهاتوودا شەپۆلێکی دیکەی ئاوارەبوون بەخۆیەوە ببینێت، وە ئەگەری هەیە لە ١٠٠ هەزار کەس زیاتر بێت، هەروەها ئەم کەسە ئاوارانە دەچنە پاڵ ئەو ٥٧٥ هەزار کەسەی کە پێشتر لە فاشرەوە ئاوارە بوون و پەنایان بردووەتە ئەوێ یان ناوچەکانی دیکە، ژنان و منداڵانی بێ کەسو کار بەشێکی بەرچاو لەم ئاوارانە پێکدەهێنن، وە بەهۆی کەمی توندی شوێنی نیشتەجێبوون و پاراستن و خۆراک و ئاو و چاودێری تەندروستی ڕووبەڕووی بارودۆخێکی زۆر سەخت دەبنەوە.

 

وتەبێژی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" ڕایگەیاند،  سودان ڕووبەڕووی گەورەترین قەیرانی خۆراک بووەتەوە لە جیهاندا، هەروەها خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە ٣.٢ ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە سودان بەدەست بەدخۆراکی توندەوە سەناڵێنن، کە زیاتر لە ٧٧٢ هەزار منداڵی دیکەش بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن، کە ئەمەش پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەیە بۆ ڕێگریکردن لە مردن.