ڕێکخراوی پەتریکۆر بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و چەندین ڕێکخراوی دیكە لە دژی پلانی حکومەتی عێراقن

ێکخراوی پەتریکۆر بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و چەندین ڕێکخراوی دیكە بەتوندی لە دژی پلانی حکومەتی عێراقن، بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئاوارەکان، تۆمەتباریشیان دەکەن بە بەهانەهێنانەوە بۆ بڕینی هاوکارییە مرۆییەکان و داپۆشینی شکستی خۆیان لە چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە چوارچێوەی ناڕەزاییەکان سەبارەت بە بڕیارەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئاوارەکان، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥، ڕێکخراوی پەتریکۆر و چەند ڕێكخراوێكی دیكە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، بڕیارەكەی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران مەترسییەکی جددی لەسەر مافی دەیان هەزار هاوڵاتی ئاوارە درووست دەکات، کە زیاتر لە ١١ ساڵە لەناو خێمە و کەرەڤانەکاندا دەژین و بێبەشن لە دەستخستنی دەرفەتی کار و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.

 

دەشڵێن، ئەوەی بە ناوی تێکەڵبوونی ڕاستەقینە لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتەکەدا ناوی براوە، پێویستی بە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و دەرفەتی ژیانێکی شایستەیە، لەو شوێنانەی کە لێوەی هاتوون.

 

باس لەوەشكراوە، بڕیارەکەی حکومەت تەنها پاساوێکە، بە مەبەستی بڕینی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئاوارەکان، یاخود سپیکردنەوەی شەرمەزاریی خودی دەوڵەتە، لەپای کەموکووڕییەکانی خۆی لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.

 

هەروەها، بەرپرسیارییش دەخەنە ئەستۆی هەردوو حکومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەردەوامی نەهامەتی ئاوارەکان.

 

ئەم هۆشدارییانە لەسەر بنەمای هەڵوێستەکانی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بەو پێیەی کۆمسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان "UNHCR" و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران "IOM" دەڵێن، هەر چارەسەرێکی بەردەوام بۆ کێشەی ئاوارەکان دەبێت بە ڕەزامەندی خودی خۆیان بێت و کەرامەت و سەلامەتییان گرەنتی بكات.

 

پێشتریش ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی "Human Rights Watch" هۆشداری دابوو لە پلانی هاوشێوەی داخستنی کامپەکان لە هەرێمی کوردستان، پێش ئەوەی مەرجەکانی گەڕانەوەیان بۆ دابینبکرێت، ئەمەش هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر مافی مرۆڤ و مافی ئاوارەکان.

 

هاوكات، ڕێکخراوی پەتریکۆر پلانەکەی حکومەتی بە کەموکورت وەسف کرد و داوای کردووە، ڕێوشوێنی بەپەلە و ڕاشکاوانە بگیرێتەبەر بۆ دەستەبەرکردنی چارەسەرێکی دادپەروەرانە و بەردەوام بۆ ئەم قەیرانە مرۆییە