ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا: ڕژێمی ئێران هەوڵی ترساندن و بێدەنگ کردنی چالاکوانانی ژن دەدات

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا ڕایگەیاند، هەڵمەتی دەستبەسەرکردن و سەپاندنی سزای قورس لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بەرەو زیادبوون دەچێت و حکومەت لەم ڕێیەوە هەوڵی ترساندن و بێدەنگ کردنی چالاکوانانی ژن دەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا ڕایگەیاند، هەڵمەتی دەستبەسەرکردن و سەپاندنی سزای قورس لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بەرەو زیادبوون دەچێت و حکومەت لەم ڕێیەوە هەوڵی ترساندن و بێدەنگ کردنی چالاکوانانی ژن دەدات و سزای وەک لێدان بە قامچی و سێدارە بەسەریاندا دەسەپێنێت.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، مریەم دریسی نیشتەجێی کازروونی پارێزگای فارس لەلایەن لقی ١٠١ـی دادگای تاوانکاری ئێرانەوە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی و پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت" بە گشتیی سزای دوو ساڵ و سێ مانگ زیندانییکردن و ٧٤ لێدانی قامچی بەسەردا سەپێندرا.

 

باس لەوەشکراوە، زەینەب موسەوی لە زیندانی وەکیئاوای مەشھەد بە تۆمەتی"چەکداری و دژایەتی حکومەتی ئێران" دەستبەسەرە، هەروەها نەجمە ئەمینی خوێندکاری تەمەن ٢٣ ساڵ، دوای ٩٨ ڕۆژ دەستبەسەرکردن، بە تۆمەتی دژایەتی دەوڵەتی ئێران ڕووبەڕووی مەترسیی سزای قورس بووەتەوە.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، دکتۆر موهێبەت غەفووری پزیشکی پسپۆڕی منداڵان لە شاری لاری پارێزگای فارس، بۆ جاری دووەم دەستبەسەر کرایەوە و تاوەکو ئێستا شوێنی ڕاگرتنی نادیارە، ئەم پزیشکە کە بە کارە خێرخوازییەکانی ناسراوە، پێشتر هەموو داراییەکانی لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە زەوت کرابوون.

 

ئەم شەپۆلە نوێیەی دەستبەسەرکردن و سەپاندنی سزای قورس، نیشانەی توندتربوونی فشارە ئەمنییەکانە بۆ سەر توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بەتایبەت ژنانی چالاکوان.