ڕێکخراوەکانی گەنجان هێرشەکانی ئێرانیان بۆ سەر باشووری کوردستان شەرمەزار کرد

ڕێکخراوەکانی گەنجان بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی گەنجانی ئەندەنوسیا لە ڕاگەیاندراوێکدا هێرشەکانی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر کامپەکانی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکان و بارەگای حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان شەرمەزار کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

لەکاتی ئامادەکارییان بۆ بەستنی کۆنفرانسی گەنجان، ڕێکخراوەکانی گەنجان و ڕێکخراوەکانی تری فیلیپین، تیموری ڕۆژهەڵات، کۆڵۆمبیا، مەکسیک، ئەندەنووسیا، کینیا، ئەنگۆلا، میانمار، هندستان، ئۆگەندا، مالیزیا، ئەڵمانیا، ئەمەریکا، پاپوا و کوردستان لەبارەی هێرسەکانی ئێران بۆسەر کامپەکانی باشووری کوردستان ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشییان بڵاوکردەوە.

 

ڕاگەیاندراوەکە بە زمانی باهاسا خوێندرایەوە، کە زمانی سەرەکی و هاوبەشی ئەندەنووسیایە، دەقی ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکەی گەنجان بەم جۆرەیە:

​”ئێمە وەک واژۆکەرانی ئەم ڕاگەیاندراوە، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر کەمپەکانی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکان و بارەگای حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، ( لەوانە کەمپەکانی ئازادی و سوورداش)، کە بووە هۆی شەهیدبوونی “غەزاڵ مەولان” و برینداربوونی چەندین کەسی دیکە، بە توندترین شێوە شەرمەزار دەکەین.

 

بە ئامانجگرتنی شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکان و چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی، نموونەیەکی ئاشکرای تاوان دژی مرۆڤایەتی و تیرۆریزمی دەوڵەتییە،  ئەم کارە دوژمنکارانەیە نەک هەر پێشێلکردنی ڕوونی پەیماننامە نێونەتەوەییەکان و سەروەریی خاکی دراوسێکانە، بەڵکو نیشانەی ترسی ڕژێمە لە ئیرادەی کۆمەڵگەیەک کە بۆ دیموکراسی، فرەخوازی و دادپەروەریی ڕەگەزیی، تێدەکۆشێت.

 

بڕوای تەواومان وایە کە ڕێگەی تێپەڕبوون لە ستەمکاریی دەسەڵات و گەیشتن بە ئێرانێکی ئازاد و دیموکراتیک، لە ڕێگەی یەکگرتوویی هەموو هێزە دیموکراسیخوازەکان بە هەر جۆرە ناسنامە و پێشینەیەکەوە تێدەپەڕێت.

 

بەرخۆدان لە بەرانبەر ئەم هێرشە خوێناوییانە، بەشێکە لە خەباتی گەورەتری گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران بۆ وەدیهێنانی بەها مرۆییەکان و ئاشتییەکی سەقامگیر لە ناوچەکەدا.

 

وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەکان، هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان، داوا لە هەموو ئەوانە دەکەین، کە باوەڕیان بە ئەلتەرناتیڤێکی دیموکراتیانە و ژیانێکی ئازادە کە بێدەنگیی خۆیان لە بەرانبەر ئەم دەستدرێژییە بەردەوامانە بشکێنن و بۆ ڕاگرتنی ماشێنی سەرکوت و کوشتاری کۆماری ئیسلامی، هەنگاوی کردەیی بنێن.

 

​سەرکەوتن بۆ هاوپێوەندی بۆ ئازادی و دادپەروەری

بە واژۆی خۆت پشتوانی نیشان بدە”.