خوێندکارانی قامیشلۆ: بە زمانی خۆمان دەخوێنین و قسە دەکەین

لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان، مامۆستایان و خوێندکاران دژی بڕیاری سنووردارکردنی فێرکردنی زمانی کوردی خۆپیشاندانیان کرد و داوای پاراستنی مافی فێربوونیان بە زمانی دایک کرد.

قامیشلۆ

 

ڕۆژی ٢٧ی ئاب، حکومەتی کاتی بڕیارێکی دەرکرد کە خوێندنی زمانی کوردی بۆ تەنها سێ وانە لە هەفتەیەکدا سنووردار بکات. ئەم بڕیارە توڕەیی مامۆستایان و قوتابیان و خێزانەکانی سەرتاسەری ڕۆژئاوای کوردستانی لێکەوتەوە.

 

گەل بۆ داوای پاراستنی مافی فێربوون بە زمانی دایک، ڕۆژانە چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوە دەبەن. لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ مامۆستایان و خوێندکاران خۆپیشاندانێکیان لە بەردەم ئیدارەی هەرێمی قامیشلۆ بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بەو بڕیارە ئەنجامدا. 

 

"زمان تەنها فێربوونی پیتەکان نییە، بەڵکو بوون و ناسنامە و بنەمای بەردەوامیی گەلە"

سەبارەت بە خۆپیشاندانەکەش مامۆستا ڕۆژین موسێ قسەی کردو وتی: ئەو بڕیارەی سەبارەت بە زمانی کوردی دراوە، نیشانەی لەناوچوونی بوونی گەلی کوردە، ئەم بڕیارە پێشێلکردنی مافەکانی گەلی کوردە، تەنانەت ئەگەر تەنها یەک کورد لە جیهاندا بمێنێتەوە، خەبات و بەرخۆدانیان بەردەوام دەبێت، زمان تەنها فێربوونی پیتەکان نییە، بەڵکو بوون و ناسنامە و بنەمای بەردەوامی گەلە.

 

هەروەها خوێندکار سیلاڤا عەلی بەم وشانە دڵسۆزی خۆی بۆ زمانی کوردی دەربڕی: ئێمە جگە لە زمانی کوردی هیچ زمانێکی ترمان ناوێت، ئێمە کوردین و بە زمانەکەمان دەخوێنینەوە، قسە دەکەین و دەژین.