خولەكانی پشووی هاوین دەرفەتێكە بۆ ژنان وفێرخوازان تا لەژیان فێری بوارێكی نوێ ببن

ژنان و دایکان هەمیشە بۆ خۆ پەروەردە کردن و گەشەپێدانی خۆیان و منداڵەکانیان دەرفەت دەدۆزنەوە، کاتەکانی پشووی هاوینیان هەڵبژاردووە تا بەشداری ئەو خولانە بکەن کە لە شوێنە جیاوازەکان دەکرێتەوە.

شلێر كۆیی

 

کۆیە-پشووی هاوینە تەنیا قۆناغێک نییە بۆ حەوانەوە لە خوێندن و کاتی ئاسایی، بەڵکو دەرفەتێکی زێڕینە بۆ وەبەرهێنان لە تواناکانی مرۆڤدا لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا، خولە هاوینەیییەکان بونەتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدانی کات و کەمکردنەوەی ئاڵوودەبوونی منداڵان و گەنجان بە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، لەم نێوەندەدا ڕۆڵی ژنان و دایکان بە دوو ئاڕاستە دەردەکەوێت؛ لەلایەک وەک سەرپەرشتیار و ڕێنیشاندەر بۆ منداڵەکانیان بە مەبەستی ڕێکخستنی کاتەکانیان، لەلایەکی دیکەشەوە وەک بەشداربوویەکی کارا کە هەوڵی خۆپێشخستن، فێربوونی زمان و بەدەستهێنانی بەهرەی نوێ دەدەن.

 

 ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر گرنگی ئەم خولە پەروەردەییانەی لەسەر زاری کۆمەڵێک لە دایکان و فێرخوازان کە توانویانە هاوینی خۆیان بکەنە وەرچەرخانێک بۆ فێربوون و خۆپەروەردەکردن..

 

بەناز سەڵاح، دایکى یەکێک لە فێرخوازانى خولى هاوینە هاتبوو بۆ ئاهەنگى دەرچوونیان وتى: من وەکو دایکێک،شانازى دەکەم بەکچەکەم کە بەشداری کردبوو لەو خولەی هاوینە، پێمخۆشە هەموو دایکێک منداڵەکانیان، بەشداری پێبکەن لەم خولانەی هاوینان، بۆ  ئەوەی کاتەکانیان بە فێڕۆ نەدەن بە شتی بێسوود، زۆر گرنگە لەبۆ هەموو شتێک، بۆ ئەوەی کاتەکانت بە فێڕۆ نەدەی لە شتی بێسوود چونکە گەر ئێمەى دایکان کاتەکان ڕێکنەخەین ئەوانیش  لەماڵەوە هەرسەرقاڵى  ئایپاد و مۆبایل و شتی بێسوود دەبن، بەس بۆ ئەو خولە گرنگە ئێمە سەرپەرشتیان بکەین  بۆ فێربوونی زانست، زانیاری زۆر زۆر گرنگە، بۆ هەموو تەمەنێک کە گرنگى بەخۆى بدات وخۆى پێش بخات.

 

"هێڤى دایکی ئارین کە ئەویش منداڵەکانى بەشدارى خولیان کردووە وتى: خۆشم لەو تەمەنەش تا ئیستاش هەرخۆم هەوڵدەدەم لە ڕیگاى ئۆنلاین فێرى زام بم وخول دەبینم وتی: خۆم  فەرمانبەرى تەندروستیم، بەڕاستی بە بۆچوونی من ئەو خولی هاوینانە زۆر زۆر گرنگە، چی بۆ منداڵ، چی بۆ گەورە، واتە ئەوە نییە کە تەمەن دیاری کراو بێت، چونکە چەند زمان بزانیت، ئەوەندە کەسی بە ڕای من. هەروەها بۆ منداڵەکەشمان، ئەمساڵ منداڵەکەم بەشداری پێکرد، بۆ خولی زمانی ئینگلیزی و سودى باشی لێکردبوو، حەزم لێیە زیاتریش زمان فێربێت، چونکە زمان بە ڕاستی بۆ هەموو شوێنێک پێویستت پێی دەبێت،   بۆیە  بەبۆجوونی من هەموو کەسێک پێویستە بێتە ناو کۆمەڵگەو برەو بە توانای خۆی بدات، جا چی دروومان بێت، چی لە هەرچی پیشەیەک بێت، لە شتێکدا خۆی بدۆزێتەوە. بڕوات برەوى پێبدات تا بەرەو پێش بچێت.

 

خۆشی پشتیوان محەمەد، کە پلەى یەکەمى هێناوە لە خولى زمان وتى: خۆم قۆناغی سێى بەشى زمانى ئینگلیزیم لە  زانکۆى کۆیە و لەم پشوى هاوینە لە خولى زمانی ئینگلیزی ئەمساڵ بەشداریم کردووە، هەموو ساڵێک ئامادە دەکرێتەوە، هەروەها من خۆم یەکێک لەو کەسانەی نامەوێت هاوینەکەم لە دەست خۆم بدەم. زۆریش حەزم لە زمانی ئینگلیزییە،  وام کرد ئەمساڵ و ساڵی داهاتووش بەشداری زمانی ئینگلیزیم کرد، لەبەر ئەوەی زۆر زۆر گرنگە ژنان پەرە بە لێهاتووی خۆیان بدەن کە حەزیان لێیەتی، بۆ نموونە من زۆرم حەز لێیە زمانەکەم بەرەو پێشەوە ببەم و ئەمساڵیش بە سەرکەوتوویی ئەنجامم دا و توانیم پلەی یەکەم بەدەستبهێنم.

 

دڵنیا محەمەد، یەكێکی دیکە لە قوتابیەكانە وتی: تەمەنم ۱۹ ساڵە  ئەو هاوینە هاتمە ناو پەیمانگەی لوتکەی زانست، ئینگلیزییەکەم باش بوو بەڵام ویستم باشترى بکەم  بۆیە هاتمە ناو پەیمانگەکە، ئەم هاوینە کاتی خۆشم بە فێڕۆ نەدا، هاتم خۆم فێری ئینگلیزی کرد ، بۆیە خۆشحاڵم كە توانیم سود لە پشوو وەربگرم، هیوادارم هەموو ژنێک هەوڵی بەروەپیشبردنی خۆی بدات لەو بوارەی خۆی دەیەوێت.