خۆپاراستن؛ قەڵغانی پارێزراوی ژنان
خۆپاراستن قەڵغانێکی گرنگە بۆ پارێزراوی ژنان، خۆپاراستن ژن دەپارێزێت لە زیانی جەستەیی و دەروونی. ڕێگە دەدات ژنان بە ئازادی بژین، هەروەها یارمەتییان دەدات ببنە خاوەنی بڕیاری خۆیان و متمانەیان بە تواناکانیان زیاتر دەبێت.
ناوەندی هەواڵ
لە هەر سێ ژنێک لە جیهاندا تووشی توندوتیژی جەستەیی یان دەروونی دەبن، کە زۆربەیان لەلایەن هاوبەشێکی نزیکەوە. توندوتیژی دژی ژنان پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و دەرئەنجامە دەستبەجێ و درێژخایەنەکانی جەستەیی و سێکسی و دەروونی بۆ ژنان و کچان دەتوانن وێرانکەر بن، لەوانەش مردن.
توندوتیژی کاریگەری نەرێنی لەسەر خۆشگوزەرانی گشتی ژنان هەیە و ڕێگری دەکات لە بەشداریکردنی تەواوی ژنان لە کۆمەڵگەدا. کاریگەری لەسەر خێزانەکانیان و کۆمەڵگەکەیان و وڵات بەگشتی هەیە، لە فشاری زیاتر لەسەر چاودێری تەندروستیەوە تا دەگاتە خەرجییە یاساییەکان و زیانەکانی بەرهەمهێنان.
لە کۆی ١٦٥ وڵات کە یاسای توندوتیژی خێزانییان هەیە، تەنیا ١٠٤ وڵات یاسای گشتگیریان هەیە کە باس لە توندوتیژی خێزانی دەکات.
ژنان لە مێژە بوونەتە ئامانجی توندوتیژی، ئەوان قوربانی ناوخۆیی بوون و بەردەوامیش دەبن، لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە توندوتیژی خێزانی دژی ژنان تا ئێستاش بە شێوەیەکی بەرفراوان و کەم ڕاپۆرت کراوە، زیانبەرکەوتووانی وندوتیژی بە شێوەیەکی کاریگەر لەلایەن خزمەتگوزارییە گشتییەکانەوە پشتگیری ناکرێتم نەبوونی خزمەتگوزاری تایبەتمەند بۆ ژنان و منداڵانی زیانبەرکەتووی توندوتیژی و نەبوونی خزمەتگوزاری پیشەیی بۆ قوربانییەکان تەنها چەند هۆکارێکە بۆ ڕاپۆرتنەکردن.
لە جیهاندا هیچ یاسا، ڕێسا و کایەی ژیانێک کە ژن بپارێزێت، مافەکانی بپارێزێت و مرۆڤانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات نییە. لەم ژیانەدا تەنها ژن خاوەندارێتی لە ژن کردووە. ئەگەر دوژمنیشی بێت، تەنها ژنێک دەستی بۆ ژنێکی دیکە درێژ کردووە، هاوکاری کردووە، فرمێسکەکانی سڕیوە و نانی لەگەڵدا دابەش کردووە. لە جیهان ژندا هەستی دوژمنایەتی، دڕندەیی و خیانەت نییە. لە سرووشتی ژندا شتێکی لەو جۆرە نییە. هەموو ئەم درووستکردن و زیهنیەتە بکوژی کاستیکە.
١- پاراستنی تەندروستی دەروونی و جەستەیی
توندوتیژی زیانی گەورە بە جەستە دەگەیەنێت و تەنانەت دەبێتە هۆی نەخۆشی مەترسیدار. خۆپاراستن لە توندوتیژی ڕێگر دەبێت لە تووشبوون بە خەمۆکی و دڵەڕاوکێی بەردەوام.
٢--گەشەکردن و سەرکەوتن
کاتێک ژنان لە مەترسی دوور دەبن، دەتوانن سەرنجیان لەسەر خوێندن، کار و خەونەکانیان بێت. خۆپاراستن ژنان دەخاتە سەر ڕێگەی پێشکەوتن و بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان.
٣-سەربەخۆیی ئابووری
زۆرجار توندوتیژی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئابووری بەکاردێت. کاتێک ژن خۆی دەپارێزێت و خاوەن ئابووری سەربەخۆی خۆی دەبێت، کەس ناتوانێت بە زۆر کۆنترۆڵی بکات.
٤- دروستکردنی خێزانی تەندروست
ماڵ دەبێت ببێتە شوێنێکی ئارام. خۆپاراستن ژینگە بۆ منداڵان ئارام دەکات. منداڵ لە ژینگەی دوور لە توندوتیژی بە تەندروستی گەورە دەبێت.
٥-هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە
خۆپاراستن و بەرگریکردن لە مافەکان، وای لێدەکات کۆمەڵگە ڕێز لە ژنان بگرێت، دەبێتە هۆی نەهێشتنی بیرۆکەی نادروست و چەوساندنەوە لەناو کۆمەڵگە.
گرنگی خۆپاراستن
خۆپاراستن لە بزووتنەوەکانی ژناندا لە سەرانسەری جیهاندا بە شێوازی جۆراوجۆر بەکار هاتووە. ئەم شێوازانە لە خەباتی یاسایی بۆ داکۆکیکردن لە مافە یاساییەکانی ژنان، کەمپینەکانی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵایەتی، دروستکردنی هۆشیاری لە ڕێگەی میدیاکانەوە و هەروەها چالاکییەکانی یاخیبوونی مەدەنی پێکدێن.
لەمەڕ بزووتنەوەی ژنانی کورددا، ڕێگاکانی خۆپاراستن لە مەودایەکی بەرفراواندا شێوەیان گرتووە، بزووتنەوەی ژنانی کورد بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ژنان و ئاشناکردنیان بە مافەکانی خۆیان، بەرنامە و چالاکییە پەروەردەیییە جیاوازەکان ڕێکدەخات. ئەم هەنگاوانە یارمەتیی ژنان دەدەن تا زانیاری و هۆشیاریی پێویست بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی خۆیان بەدەستبهێنن و لە بەردەم نایەکسانی و جیاکارییەکاندا بەهێزتر و بەتواناتر بن، ژنان بە بەشداریکردنی چالاکانە لە پارتە سیاسییەکان، دامەزراوە خۆجێییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکاندا، بۆ یەکسانیی جێندەری و مافەکانی ژنان تێدەکۆشن. ئەم بەشداریکردنە نەک تەنیا دەرفەت بە ژنان دەدات کە داکۆکی لە مافەکانی خۆیان بکەن، بەڵکو هەنگاوێکی گرنگیشە بەرەو دروستکردنی گۆڕانکاریی بەردەوام و بونیادی لە کۆمەڵگەدا.