"خلف الجدران"... فیلمێکی مەغریبی باس لە بارگرانی چاودێریکردن دەکاتەوە کە ژنان لە ئەستۆی دەگرن

کۆمەڵەی ”التحدي” بۆ یەکسانی و هاوڵاتیبوون هەڵیبژارد کە سینەما بەکاربهێنێت بۆ وروژاندنی گفتوگۆیەک سەبارەت بە کاری بێ موچەی ناوماڵ لە ڕێگەی کورتە فیلمی "خلف الجدران" "پشت دیوارەکانەوە" کە ڕۆشنایی دەخاتە سەر بارگرانییەکانی چاودێریکردن کە ژنان هەڵیدەگرن.

حەنان حارت

مەغریب- لە نێوان گفتوگۆ بەردەوامەکان لە مەغریب سەبارەت بە ئابووری چاودێری و چاکسازی لە یاسای خێزان، کۆمەڵەی ”التحدي” بۆ یەکسانی و هاوڵاتیبوون، یەکەمین نمایشی کورتە فیلمی خۆی "خلف الجدران" "پشت دیوارەکانەوە" لە داربەیزا لە ١٥ی تەمووز پێشکەش کرد.

 

فیلمەکە لە نووسین و دەرهێنانی هواری غوباری، چیرۆکی ”ئامال”، ژنێکە کە ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ چاودێریکردنی خێزانەکەی، دوای ئەوەی کارەکەی جێهێشتووە بۆ پەروەردەکردنی دوو منداڵەکەی، ڕۆژەکەی پێش هەموو کەسێک دەست پێدەکات، بە ئامادەکردنی نانی بەیانی و بردنی منداڵەکان بۆ قوتابخانە و بازاڕکردن و چاودێریکردنی خەسووی نەخۆش و لە جێگادا، پێش ئەوەی لەناو زنجیرەیەک کاری نەبینراوی ماڵەوەدا کۆتایی پێبێت، بەڵام نەخۆشی دایکی و پێویستی بە نەشتەرگەری گرانبەها، لەگەڵ ڕەتکردنەوەی هاوژینەکەی لە دابینکردنی پاڵپشتی دارایی، وای لێدەکات بیر لە گەڕانەوە بۆ هێزی کار بکاتەوە، کە ئەمەش سەرەتای لاپەڕەیەکی نوێیە لە ژیانیدا، لاپەڕەیەک کە تێیدا سەربەخۆیی ئابووریی خۆی بونیاد دەنێتەوە و دەرگا بەڕووی هاوبەشکردنی بەرپرسیارێتی زیاتر لە ناو خێزانەکەدا دەکاتەوە، کە بەرجەستەی ئەو شتە دەکات کە سینەماکاران بە چەمکی "پیاوایەتی ئەرێنی" پێناسەی دەکەن.

 

هەر لەو پێوەندییەدا بوشرا عەبدۆ، سەرۆکی کۆمەڵەی ”التحدي” یەکسانی و هاوڵاتیبوون ڕایگەیاند، فیلمەکە لەو ڕاستیە سەرچاوەی گرتووە کە هەزاران ژن ئەزموونی دەکەن، ڕۆژانە کاری ناوماڵ و چاودێریکردن ئەنجام دەدەن کە نە دانپێدانانی کۆمەڵایەتی و نە ئابووری وەرئەگرن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کاری ناوماڵ قورسە، لەلایەن ژنانەوە لەناو ماڵدا ئەنجامدەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا نە ناساندن و نە پێزانینی هەیە، هەروەها وەک کارێکی بەرهەمدار سەیر ناکرێت کە بەهای ئابووری هەبێت، کاتێک هەر ناکۆکییەک یان جیابوونەوەیەک ڕوودەدات، ژنەکە وەک ئەوەی هیچ بەشدارییەکی لە خێزانەکەدا نەکردبێت، مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

 

ڕوونیشی کردەوە، کە فیلمەکە باس لە بەشداریی ژنانیش دەکات لە کۆکردنەوەی سامانی خێزان لە ماوەی ژیانی هاوسەرگیریدا، هەرچەندە زۆرجار ئەم بەشدارییە دانپێدانەنراو دەمێنێتەوە، هەروەها ژنان بەشداری دەکەن، لەڕێگەی کاری ڕۆژانەیانەوە لەناو ماڵدا، لە بونیادنانی خێزان و سەروەت و سامانەکەیدا، بەڵام ئەم ڕۆڵە ڕەنگدانەوەی نییە کاتێک سامان دابەشدەکرێت یان بەشداری ئابوورییان هەڵدەسەنگێندرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، فیلمەکە نموونەیەک دەخاتە ڕوو کە بە "پیاوایەتی ئەرێنی" پێناسەی کردووە، بەو پێیەی هاوژینەکەی وەک توندوتیژ یان ئازاردەر نیشان نادات، بەڵکو وەک پیاوێک کە بەپێی تێڕوانینە کۆمەڵایەتییە میراسییەکان مامەڵە دەکات کە کاری ماڵەوە بە بەرپرسیارێتی ژن دەزانێت، بە سەربەخۆیی ئابووریی هاوژینەکەی تێدەگات کە هاوبەشکردنی چاودێری و کاری ماڵەوە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە، هاوبەشی لەناو خێزانیشدا لەسەر بنەمای هاوکاری و گفتوگۆ و بارگرانی هاوبەش دامەزراوە.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە سەربەخۆیی ئابووری ژنان بەهێز دەکات بۆ ئەوەی زیاتر بەشداری لە بڕیاردانی خێزان بکەن و گفتوگۆ و هاوسەنگی نێوان هاوژینەکان بەهێز دەکات، ئەمەش بەشدارە لە خێزانێکی هاوسەنگتر.

 

بە وتەی بوشرا عەبدۆ، فیلمەکە پەیامەکانیشی ئاراستەی بڕیاردەرانیش دەکات لە نێوان گفتوگۆکانی پەیوەست بە چاکسازی لە یاسای خێزان و ئابووری چاودێری، هەروەها گەنجان و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سیاسی دەکاتە ئامانج، بە ئامانجی بەشداریکردن لە گۆڕینی ئەو چەشنە چەقبەستووانەی کە کاری ماڵەوە لە ژناندا قەتیس دەکەن و گفتوگۆیەکی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە هاوبەشکردنی بەرپرسیارێتیەکان لەناو خێزانەکەدا بکەنەوە.

 

کۆمەڵەکە فیلمەکە نەک تەنها وەک کارێکی هونەری بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ داکۆکیکردن لە پرسەکانی یەکسانی پێشکەش دەکات، بەگوێرەی ڕاگەیاندراوە ڕۆژنامەوانییەکە کە نمایشەکە ڕێکدەخات، کارەکە لەو باوەڕەوە سەرچاوە دەگرێت کە هونەر و سینەما ئامرازێکی کاریگەرن بۆ هاندانی گفتوگۆی گشتی و پرسیارکردن لە نوێنەرایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و دامەزراندنی کولتووری هاوبەشی و یەکسانی لە ڕێگەی ئەو بەرهەمانەی کە دەنگدانەوەیان لەگەڵ ڕاستیدا هەیە و هاندەری گفتوگۆن لەسەر پرسە یەکەمایەتییەکان.

 

فیلمەکە بەشێکە لە پرۆژەی ”Dare to Care" "بوێری گرنگیدان" کە لەلایەن ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مەغریب جێبەجێ دەکرێت، لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی ناوچەییدا کە ئوردن و میسر و تونسیش لەخۆدەگرێت، ئەم دەستپێشخەرییە ئامانجی پێشخستنی هاوبەشکردنی کاری چاوەدێرییە لە نێوان ژنان و پیاوان و ئاڵەنگاری ئەو چەشنە کۆنانەی کە پەیوەندییان بە ڕۆڵی ڕەگەزییەوە هەیە لە ناو خێزاندا.

 

ئابووری چاودێری لە گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە یەکسانی ڕەگەزیدا زیاتر گرنگی پێدەدرێت، کاری ناوماڵ و چاودێری منداڵان و چاودێریکردنی کەسانی بەتەمەن و بێبەش لەخۆدەگرێت، ئەو ئەرکانەی کە زۆرجار لەلایەن ژنانەوە بەبێ موچە ئەنجامدەدرێن، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پێیان وایە کە ئەم کارە سەرەڕای ڕۆڵی سەرەکی لە سەقامگیری خێزان و پاڵپشتیکردنی چالاکییە ئابوورییەکاندا، بە کەم نرخ دەزانرێت، ئەمەش وایان لێدەکات داکۆکی بکەن لە داننان بە بەهاکەی و هاندانی دابەشکردنی دادپەروەرانەتر لە بەرپرسیارێتیەکانی لە نێوان ژن و پیاودا.