"چادرەکانمان لانابەین تا داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێت"
ماوەی سێ ڕۆژە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی سلێمانی لە بەردەم ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان-یوئێن لە شاری سلێمانی چادریان هەڵداوە و مامۆستایەکیش دەڵێت: تاكو وەڵاممان نەدرێتەوە لێرە ناڕۆین.

ناوەندی هەواڵ
ماوەی سێ ڕۆژە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی سلێمانی لە بەردەم ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان-یوئێن لە شاری سلێمانی چادریان هەڵداوە و بەشێک لە مامۆستایانیش مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووە، ئەمەش لەپێناو جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی لە بارەی پێدانی مووچە لە کاتی خۆیدا و باشترکردنی لایەنی ئابووری کۆمەڵگەیە.
ژیان حسێن، فەرمانبەرێكی ناڕازییە، سەبارەت بە هەڵدانی چادر و گردبوونەوەیان لە بەردەم ڕێكخراوی نەتەوە یەگرتووەكان و داواكارییەكانیان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا زانیاری نوێی خستەڕوو و ڕایگەیاند، تاكو وەڵاممان نەدرێتەوە لێرە ناڕۆین و چادرەکانمان لانادەین و بەردەوام دەبین لە دەربڕینی ناڕەزایەتی.
لە كۆتایدا ئەو فەرمانبەرە ناڕازییە وتی: پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بەرامبەر داواكارییەكانمان وەڵامی جدیان هەبێت.