تەڤگەری ئازادی بڕیاری ئەنجومەنی دادوەری عێراق ڕەت دەکاتەوە
دەستەی بەڕێوەبەری و ئەندامانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان دژی بڕیارەکەی ئەنجومەنی دادوەری عێراق بۆ داخستنی پارتەکەیان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان بەست و جەختیان کردەوە، کە "ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەینەوە، چونکە بڕیارێکی تەواو سیاسییە.
سلێمانی
ئێوارەی دوێنی لە بارەگای پارتەکەیان، هاوسەرۆکان، دەستەی بەڕێوەبەری و ئەندامانی دەستەی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، لە دژی بڕیاری دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان لە ئەنجومەنی دادوەری عێراق سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەى سێ پارتی کوردی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی كوردستان، پارتی ئازادیی دیموكراتی ئێزدی، بەرەی تێكۆشانی دیموكراسی) کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان بەست.
تارا حسێن، هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادی لە کۆنگرەکەدا وتی: درەنگانی شەوی ڕابردوو لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێکمان بینی، کە ئەنجومەنی دادوەریی عێراق بڕیاری داوە بە قەدەغەکردنی سێ پارتی سیاسیی، لە ناویشیاندا تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، لە کاتێکدا لە ١٧ـی ١٠ـی ٢٠١٤ وە، تەڤگەری ئازادیی دامەزراوە و کار و خەباتی مەدەنییانەی بەڕێوە بردووە، هەروەها لە دامەزراوەی کاروباری سیاسیی و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە، ئێمە بە بیستی ئەم بڕیارە شۆک بووین.
تارا حسێن وتیشی: پێش دەرکردنی ئەم بڕیارە ئاگادار نەکراوینەتەوە، کە دۆسییەیەکی سیاسیی لە دژمان کرابێتەوە و مافی بەرگریکردن لە خۆمان پێ درابێت، ئەم بڕیارە ڕەت دەکەینەوە و بەرگری لە تەڤگەری ئازادی دەکەین، دژی ئە تۆمەتانە دەوەستینەوە، یەکێک لە تۆمەتەکان وەرگرتنی پارە و سەرچاوەی داراییە لە هیچ هێز و گرووپ و لایەنێک، بەڵام ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی دڵنیاتان دەکەینەوە، کە هیچ داراییەکمان وەرنەگرتووە، جگە لە هاوکاریی گەل و ئابوونەی ئەندامانی خۆمان نەبێت، تەنانەت تاکە پارتین کە سەرچاوەی داهاتمان ئەوەندە شەفاف بێت.
لە درێژەی قسەکانیدا تارا حسێن ئاماژەی بەوەشدا ئەو بڕیارە لە دژی پڕەنسیپ و بڕیاری پارتەکەیە، ئەوەی کە دەستی لە پەلکێشکردنی داگیرکەران بۆ ناو خاکی کوردستان بێت، دەبێت ئەو دادگایی بکرێت، وتیشی: ڕووی دەممان دەکەینە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە بیسەلمێنن لە کوێدا تەڤگەری ئازادیی کارێکی نایاسیی کردبێت، لە ڕاستیدا ئێمە لە دژی هەر پێکهاتە و هێزێکین کە دەرەکی بێت و لە دژی پێکهاتەکانی عێراق بێت.
لە کۆتایی کۆنگرەکەدا وتی: ئێمە هێزێکی مەدەنیی و دیموکراتیک و خاوەن مۆڵەتین و ئامادەین لە بەرامبەر هەر تۆمەتێک کە ئاراستەمان دەکرێت ڕووبەڕووی ببینەوە بە یاسا لە ڕێی پارێزەرانمانەوە، لە هەموو هێزە سیاسییەکان لە عێراق و هەرێم، کە ئەم پڕۆسەیە مەترسیدارە و بەرتەسککردنەوەی ئازادیی کاری سیاسییە و داواکارین هەمووان هەڵوێستیان هەبێت و بەدواداچوونێکی وردی بۆ بکەن، چونکە بڕیارێکی تەواو سیاسییە و لەسەر بنەمای زانیاری هەڵە دراوە و دەستی دەرەکی و خیانەتی لە پشتە.