کۆنگرەی ستار: دەوڵەتی تورک دەیەوێت داعش زیندوو بکاتەوە

کۆنگرەی ستار کاردانەوەی لە بەرامبەر بڕیاری کەیسی کۆبانی ڕاگەیاند ئاماژەی بەوەکرد، ئه م بڕیاره بە تەواوی سیاسییەو بۆ زیندوکردنەوەی داعشە.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆنگرەی ستار لە بەیاننامەیەکی نوسراودا کاردانەوەی خۆی بەرامبەر بڕیارەکەی دەوڵەتی تورک سەبارەت بە "کەیسی کۆبانێ" دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا، ئەو بڕیارەی سەبارەت بە 'کەیسی کۆبانێ' دراوە، جارێکی دیکە دەیسەلمێنێت کە بناغەی دەوڵەتی فاشیستی تورک لەسەر درۆ بنیات نراوە، "لە تورکیا مافی مرۆڤ، ژنان، منداڵان و نەتەوە لە تورکیا بوونی نییە و دەوڵەتی تورکیا سوورە لەسەر هۆشیاری فاشیستی، هۆشیاری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە نەک تەنها بۆ گەلانی تورکیا و کوردەکان، بەڵکو بۆ جیهانیش مەترسییەکی گەورەیە، تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاریک دەبن و تورکیا بووەتە زیندانێکی کراوە".

 

"ئەردۆغان داعش دەپارێزێت"

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: لە کەیسی کۆبانێدا جارێکی دیکە سەلماندراوە کە ئەردۆغان و باخچەلی داعشن، هۆشیارییەکی توندوتیژی ئیسلامی سیاسییان هەیە، بکوژانی ژنان و منداڵانن، سزادانی دەیان ئەندامی هەدەپە کە بوونەتە هێمای خەباتی دیموکراسی، نیشانەی ئەم سیاسەتە فاشیستییەیە، ئەم بڕیارانە بە تەواوی سیاسین و بۆ پاراستن و زیندووبوونەوەی داعشن، ئەمڕۆ دەیان بەرپرسی داعش کە بکوژی ژنان و منداڵانن بە ئازادی لە تورکیادا دەگەڕێن و ئەردۆغان دەیانپارێزێت، بەڵام ئەو ڕۆشنبیر و دیموکراتیکانەی کە بە دروستی و بە دڵسۆزییەوە کار بۆ کۆمەڵگەکەیان دەکەن، لە زینداندان.

 

"ئاکەپە بەرگەی ئازادی ژنان ناگرێت"

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ئاکەپە ئازادی و فرەکولتووری و ئازادی ژنان قبوڵ ناکات، بۆیە بە پێشەنگایەتی داعش دەیەوێت سامانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و میزۆپۆتامیا لەناو ببات، لەبەر ئەم هۆکارە، ئەوان هەموو ڕێگا پیسەکان لە ڕێگەی فاشیزمەوە بەکاردەهێنن کە لە هیتلەرەوە تێپەڕیوە.

 

بۆ ئەوەی ژنان بەشداری لە سیاسەتی دیموکراسیدا نەکەن و بڕیار نەدەن، کردویاننەتە ئامانج و بە ئاشکرا دوژمنایەتییان دەکەن، لە تورکیا، ئەو ژنانەی کە پێشەنگایەتی کۆمەڵگە دەکەن و دژی هۆشیاری دەوڵەت- پیاو تێدەکۆشن، زیندانی کراون و هەوڵدەدەن بێکاریگەریان بکەن، وەک کۆنگرەی ستار بە توندی ئیدانەی ئەم بڕیارانە دەکەین، بۆ ئەوەی ژنان بتوانن زیاتر پێشەنگایەتی کۆمەڵگە بکەن و خزمەت بکەن، سوور دەبین لەسەر سیاسەتی دیموکراتیک و ژنانی ئازاد.