زیاتر لە یەک لەسەر سێی ژنان دوای منداڵبوون کێشەی تەندروستیان هەیە

ساڵانە بەلایەنی کەمەوە ٤٠ ملیۆن ژن ڕووبەڕووی کێشەیەکی تەندروستی درێژخایەن دەبنەوە کە بەهۆی منداڵبوونەوە دروست دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

زۆرێک لە ژنان دوای منداڵبوون تووشی کێشەی تەندروستی درێژخایەن دەبنەوە، وەک ئازاری پشت، ڕانەگرتنی میز، خەمۆکی و نەخۆشییەکانی تر.

 

توێژینەوەیەک کە بەم دواییانە لە گۆڤاری "The Lancet Global Health" بڵاوکراوەتەوە دەریدەخات، ڕێژەیەکی زۆر لە ژنان تووشی نەخۆشییەکی پزیشکی دەبن کە بەردەوام دەبێت لە ماوەی چەند مانگێک یان تەنانەت ساڵانی دوای منداڵبوون، لەوانە ئازار لەکاتی جوتبوون کە کاریگەری لەسەر ٣٥٪ی ژنان هەیە لەدوای منداڵبوون، ئازاری خوارەوەی پشت ٣٢٪، ڕانەگرتنی میز ١٩٪، ٨-٣١٪ی ژنان کێشەی خەویان بۆ دروستبووە، دڵەڕاوکێ ٩-٢٤٪،  خەمۆکی ١١-١٧٪، ترس لە منداڵبوون ٦-١٥٪، گرفتی منداڵ نەبوون ١١٪.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، توێژەرانی بەشداربوو لە لێکۆڵینەوەکەدا داوای ناسینەوەی زیاتر دەکەن لەناو سیستمی چاودێری تەندروستی، زۆربەی ئەم کێشانە لە دەرەوەی ئەو شوێنانە ڕوودەدات کە ژنان بە شێوەیەکی ئاسایی خزمەتگوزارییەکانی دوای منداڵبوون وەردەگرن.

 

توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، چاودێری کاریگەر بە درێژایی دووگیانی و منداڵبوون هۆکارێکی گرنگی پاراستنە بۆ دۆزینەوەی مەترسییەکان و خۆ بەدوورگرتن لە ئاڵۆزییەکان کە دەکرێت ببێتە هۆی کێشەی تەندروستی هەمیشەیی دوای منداڵبوون.

 

نەبوونی سەرنج بۆ ئەم جۆرە کێشانە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی بۆچی لە کۆی ١٨٥ وڵات ١٢١ وڵات شکستیان هێناوە لە بەدەستهێنانی پێشکەوتنێکی بەرچاو لە کەمکردنەوەی گیان لەدەستدانی دایکان لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا.