"چالاکوانانی ژن لە زینداندا دژی هەلومەرجی نادادپەروەرانە خەبات دەکەن"

سەنا.م، چالاکوانی بواری ژنان و ڕۆژنامەنووس دەڵێت: حکومەت لەڕێگەی سێدارە و گرتن و سەرکوتکردنەوە پەیامێک بۆ چالاکوانانی ژن دەنێرێت، کە ئەگەر بەردەوام بن لە چالاکیەکانتان لەسێدارە دەدرێن، بەڵام چالاکوانان لە دژی ئەو هەوڵانە دەوەستنەوە.

سارا مەحمودی

 

ورمێ- لەگەڵ دەسپێکی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" دۆخی ناوخۆی ئێران خرایە باری سەربازی و حکومەت فەرمانی قورسی لە دژی چالاکوانان دەرکرد، بە مەبەستی سنووردارکردن یان ڕاگرتنی چالاکییەکان و ترساندنی ڕەخنەگرانی کۆمەڵگە، بەڵام بەرخۆدانی مەدەنیانە و ئاشتیانە لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، بوو بە کولتوورێکی سیاسی کاریگەر لە ئێراندا و چالاکوانانی کۆمەڵایەتی و ژنانیش بەردەوامن لە کارکردن دژی ئەو ستەم و گوشارەی کە زاڵن بەسەر کۆمەڵگەدا.

 

دەرکردنی سزای تاوانکاری دژی چالاکوانانی ژن لە چەند مانگی ڕابردوودا بێ سنورە و سزای قورس لە دژی چالاکوانانی ژن بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، چالاکوانانی گیلانی بە گشتی ٦٠ ساڵ سزایان بەسەردا سەپێنراوە و شەریفە محەمەدی، چالاکوانی کرێکاریش سزای خیانەتیان بەسەردا سەپاندووە، هەروەها وریشە مورادی، چالاکوانی ژنان و پەخشاب عەزیزی، توێژەری کۆمەڵایەتیش چاوەڕوانی بڕیاری ناڕەوا دەکەن و لە دادگاییکردنی دادپەروەرانە بێبەش دەبن.

 

تۆمەتی تاوانبارکردنی ژنانی چالاکوان

بغی-یاخی لە سزای ئیسلامیدا بە واتای ڕاپەڕینێکی چەکداری دژ بە حکومەت بەکاردێت، لە یاسای سزای ئیسلامیدا بغی، تاوانێکی ئەمنییە، بەپێی ماددەی ٢٨٧ی یاسای سزادانی ئیسلامی بغی، بەو کەسە دەوترێت کە دژی بنەمای ڕژێمی ئیسلامی خەباتی چەکداری دەکات، لە ئەنجامدا بەپێی ماددەی ٢٨٨ی هەمان یاسا ئەگەر "یاخیبوو"یەک پێش شەڕی چەکداری و بەکارهێنانی چەک دەستگیر بکرێت، سزاکەی لەسێدارەدان نابێت.

 

هەوڵدان بۆ تۆمەتبارکردنی بغی بە کەسانی خاوەن پێشینەی جیاواز و بە هۆی ئەنجامدانی تاوانی جیاواز و لە ئەنجامی لەسێدارەدانیان، ئەوە نیشان دەدات کە بە تاوان ناساندنی بغی بە جیا لە یاسای سزادانی ئیسلامیدا بە کردەوە بووەتە بیانوو بۆ دامەزراوە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئیسلامی، نەک دژایەتیکردنی سیستمی گروپە سیاسییەکان.

 

سانا.م، چالاکوانی بواری ژنان و ڕۆژنامەنووسی دانیشتووی ورمێ، سەبارەت بە گرتن و سەرکوتی ژنان لە چەند مانگی ڕابردوودا دەڵێت: سەرکوت و گوشار لە دژی ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و دۆخی ئەمنی سەربازی بەسەر ناوچەکەدا جێبەجێ دەکرێت، وەک پێشتر چالاکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا ئەنجام نادرێت، چالاکیی بەکۆمەڵ و بڵاوکراوە و بەرهەمە بەکۆمەڵەکانی ژنان بە توندی سەرکوت دەکرێن، حکومەت بە لەسێدارەدان و گرتن و سەرکوتکردن ئەم پەیامە بۆ ژنە چالاکوانەکان دەنێرێت، کە ئەگەر بەردەوام بن لە چالاکییەکانتان، بە تۆمەتی بغی، وەک کەسانی هاوڕێبازتان سزای لەسێدارەدانتان بەسەردا دەسەپێنرێت.

 

هەروەها دەشڵێت: لەم دۆخەدا پێویستە هەموو ئەگەرەکان بەکاربهێنین بۆ ئەوەی دەنگی ژنانی چالاکوان و تێکۆشەر بین، چونکە ئەوان لە دۆخێکی سەختدان و لەناو هەلومەرجی نادادپەروەرانەی زینداندا خەبات دەکەن، دەبێت کاربکەین بۆ ئەوەی مافەکانیان بەدی بهێنین، تا حکومەت لە کارەکانی بکشێتەوە و ئەو ژنانە ئازاد بکرێن، چونکە زۆرێک لە خۆپیشاندەرانی ناڕازی لە زینداندا بەهۆی هەڵوێستی خەڵکەوە سزای لەسێدارەدانیان هەڵوەشایەوە و ئەزموونەکان دەریانخستووە، کە بەرخۆدانی مەدەنی کاریگەرە.