تاژێ: بە ئازادکردنی ڕەققە تۆڵەی ژنانی ئیزیدی کرایەوە

تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی تاژێ لە بەیاننامەیەکدا شەشەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی شاری ڕەققەی پیرۆز کرد و ڕایگەیاند بە ڕزگارکردنی ڕەققە تۆڵەی ژنانی ئیزیدی کرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی "تاژێ" بەبۆنەی ساڵیادی ئازادکردنی شاری ڕەققە کە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتیکەوە ئازادکرا، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوەو ئەو شەڕڤانانەی بەبیرهێنایەوە کە لە شەڕی دژ بە داعشدا گیانیان لەدەستدا و بەڵێنی پاراستنی کاری ژنان و کۆمەڵگەی ئێزیدییان دا.

 

بەیاننامەی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی بەم شێوەیەیە؛

شەشەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی ڕەققە بە شێوەیەکی سەرەکی لەگەلی ڕۆژئاوای کوردستان و خەڵکی ڕەققە و هەموو گەلانی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەتایبەتی لە ئێزیدییەکان و ژنانی ئێزیدی پیرۆز دەکەین، لەم بۆنەیەدا جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە هێزەکانی یەپەژە-قەسەدە دەکەین، دەیان منداڵ و ژنی ئێزیدی لە ڕەققە لە دەستی چەتەکانی داعش ئازادکران و بە سەلامەتی ڕادەستی خێزانەکانیان کران.

 

"هەرگیز ئەو ئازارە گەورەیە لەبیر ناکەین"

لە بەیاننامەکە تیشک خراوەتەسەر گرنگی و مانای ئازادکردنی ڕەققەو تێیدا هاتووە: چەتەکانی داعش لە شاری ڕەققە خۆیان ڕێکخست و ڕەققەیان بە پایتەختی خۆیان ناودەبرد، شکستی داعش لە ڕەققە سەرکەوتنێک بوو بۆ هەموو جیهان. ئازادکردنی ڕەققە شوێنێکی تایبەتی بۆ ژنانی ئێزدی هەیە لەبەر ئەوەی زۆرێک لە ژنان و منداڵان و کچانمان لەو شارەدا دەستگیرکراون و ئەشکەنجە دراون و فرۆشراون و دەستدرێژییان کراوەتەسەر، هەرگیز ئەو ئازارە گەورەیە لەبیر ناکەین کە ژنانی ئێزدی تووشیان بووە، شکستی داعش و کۆتایی جەستەیی وەک سەرکەوتنی ژنانی ئێزیدی دەبینین و پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە لە هەموو دایکانمان دەکەین.

 

"داوا دەکەین داعشیە زیندانیکراوەکان دادگایی بکرێن"

لە بەیاننامەکەدا، تاژێ داوای لە هەموو لایەنە بەرپرسەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکان کرد بە زووترین کات دادگایەک دروست بکەن و چەتە زیندانیکراوەکان دادگایی بکەن بەبێ ئەوەی حساب بۆ بەرژەوەندییە سیاسییەکانیان بکەن، وەک دەزانرێت، ئێستا سەدان چەتەی داعش زیندانیکراون و لە دەستی هێزەکانی قەسەدەدان. بەڵام تا ئێستا دادگایی نەکراون. داعش تەنها هێزێکی مەترسیدار نەبوو بۆ خەڵکی ڕۆژئاوا و خەڵکی سووریا، بەڵکو مەترسییەکی گەورە بوو بۆ هەموو جیهان، کوردستان لە کێشەیەکی گەورە ڕزگاری بوو بەڵام تا ئێستا هێزە نێودەوڵەتییەکان هیچ شتێکیان نەکردووە بۆ دادگاییکردن و لەناوبردنی داعش، ڕەخنە لەو هەڵوێستە دەگرین و ئیدانەیان دەکەین.

 

ئەو ناوچانەی کە لەلایەن داعشەوە داگیرکران و ئازادکراون، تا ئێستا هەڕەشەی داعش لەسەریان بەردەوامە، هێشتا بە نهێنی خۆی لە زۆر شوێن ڕێکدەخات، زۆرێک لە هێزەکان هێشتا خۆیان لەژێر ئەم بیرۆکە و ئایدۆلۆژیایەدا ڕێکدەخەن و مەترسی بۆ هەموو خەڵک دروست دەکەن، لە هەمان کاتدا، هەزاران خێزانی داعش لە کامپی هۆلدا هەن و هیچ کەسێک ناتوانێت بچێتە لای هاوڵاتیانی داعش، بە تایبەتی، لە بۆنەی ئازادکردنی ڕەققە، وەک ژنانی ئێزیدی، داوا دەکەین داعش دادگایی بکرێت و ئەو هێزانەی  پشتیوانی داعش بوون سزا بدرێن و دادگایی بکرێن، ئەوەمان دەوێت.

"دەوڵەتی تورک بە هێرشەکانی تۆڵەی شکستەکانی داعش دەکاتەوە"

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، تاژێ تیشکی خستە سەر دوایین هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان و وتی: لەگەڵ ساڵیادی ڕزگارکردنی ڕەققە و سەرکەوتنەکەی، دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا و باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا چڕتر کردووەتەوە و ئەمەش بەردەوامبوونی هێرشەکانی داعشە، دەوڵەتی تورکیا وەک هاوبەشی داعش و ڕووی دووەمی دەبینین، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ئێستا تۆڵە شکستی داعش لە گەلانی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا و هێزە بەرخۆدیرەکان دەکاتەوە، بە هەمان هۆشیاری داعش هێرش دەکاتە سەر شۆڕشی ژنان و گەل،  پێش هەموو شتێک، دەوڵەتی تورکیا، کە زۆرترین پشتیوانی لە داعش دەکرد، دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت و دادگایی بکرێت.

 

"پێویستە لێپرسینەوە بکرێت"

وەک ژنانی ئێزیدی و ژنانی عەرەبی و هەموو کۆمەڵگە پێویستە خەباتمان لە دژی ئەم هەڕەشە و مەترسییەی بوونی داعش زیاد بکەین، داوامان لە هەموو ژنان ئەوەیە کە خەبات و ڕێکخستن و هێزم یەکبخەن و پێکەوە دژی هەموو جۆرە هێرشێک بوەستنەوە و تێکۆشان زیاد بکەن و ببنە هێزی لێپرسینەوەو تۆڵەکردنەوە.