ژەهراویکردنی ژنان لە ئێرانەوە بۆ ئەفغانستان

هیچ جیاوازییەک لە نێوان بیری بناژۆخواز و دژە ژن و دژە مرۆڤایەتیدا نییە، لە هەر خاکێکدا کە حوکمڕانی دەکەن، یەکەم هێرشیان بۆ سەر ژنانە، هەوڵیشیان هەمیشە بۆ بێبەشکردنی ژنانە لە هەموو بوارێکی ژیانی ڕۆژانە.

بەهاران لاهیب

 

فەرەح- تاڵیبان و ڕژێمی مەلاکانی ئێران لە سەرکوتکردن و دژایەتیکردنی ژنان، یەکتریان بە نمونە گرتووە، لە ماوەی ڕابردوودا، لە ناوچە جیاجیاکانی زانکۆ و قوتابخانەکانی ئێران، گازی ژەهراوی بۆ بێدەنگکردنی خەباتی ژنان بەکارهێنرا، بە هۆکاری ئەوەی کە زۆرتر ژن بچەوسێننەوە، چونکە دەسەڵاتی دژە ژن دەزانێت کە هۆشیاریی ژن بە واتای هۆشیاری تەواوی نەتەوەکانی ئەو وڵاتەیە.

 

تاڵیبان نەیانویست هەمان ڕێگەی مەلا ئێرانییەکانیان بەربدەن، هەمان شێوازیان بەکارهێنا بۆ سەرکوتکردن و مادەی ژەهراوییان لە قوتابخانەکانی کچاندا بەکارهێنا، کە بەشێک لەو حاڵەتانە گەیشتووەتە میدیاکان، بەڵام تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە ناوچەکانی دیکەوە بڵاونەکراوەتەوە.

 

لە پارێزگای فەرەح و یەک لە گوندە دوورەدەستەکانی "پشت چیای قەڵای کاهـ" هەواڵی ژەهراویکردنی یەکێک لە قوتابخانەکان بڵاوبووەوە، "‌غ. چ." یەکێک لە مامۆستاکانی قوتابخانەکە، کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، باسی لەوەکرد، "بەیانی کە چووینە ناو قوتابخانە بۆ ئەوەی تاقیکردنەوە بە قوتابیان بکەین، دوای چەند خولەکێک تێبینیم کرد کە خوێندکارێک یان دوو قوتابی گێژبوون و هەناسە تەنگییان هەیە، پاشان ژمارەی ئەو کەسانەی ژەهراوی بوون خولەک بە خولەک زیادی کرد و زۆرینەیان لە هەمان بارودۆخدا بوون، هەموو مامۆستاکان دەمانزانی قوتابیانی قوتابخانەکەمان ژەهراوی بوون، ژمارەی ژەهراویەکان گەیشتە زیاتر لە ١٠٠ کەس و باری ٢٠ کەسیان ناجێگیر بوو و گواستمانەوە بۆ نەخۆشخانە.

 

مامۆستاکە باسی لەوەکرد، کاتێک چوونەتە لای تاڵیبان بێ باکییان پیشانداوە و بەڵێنیان دا کە بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکەن، هەموو مامۆستاکان وتمان کە ئەوە کاری ئێوەیە، کەواتە بەدواداچوون لەگەڵ کێدا دەکەن.

 

ڕق و کینە بە ڕووخساری "غ. چ."دا دەبینرێت، دەشڵێت: "فەرەح یەکەم پارێزگا نییە کە ژنان و کچانی تێدا چەوسێنراونەتەوە، بەڵام تاڵیبان دەبێت لەبیری بێت کە لە هەر شوێنێک سەرکوت هەبێت، بەرخۆدان هەیە،  دواجار ڕۆژێک وەک ژنانی ئێران و خوشکەکانی تری ئەفغانستان دێینە سەر ڕێگا و دەسەڵاتیان لێ وەردەگرینەوە".