بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکەوە کۆچەرییەکان سنوورى برادۆست جێدەهێڵن
بەهۆی بۆردوومان و هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکەوە کۆچەرییەکان چیا و کوێستانەکانی سنووری برادۆست جێدەهێڵن.

ناوەندی هەواڵ
لە ١٥ی حوزەیرانی ئەمساڵ، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بە نزیکەی هەزار سەرباز و ٣٠٠ تانک و زرێپۆشی سەربازییەوە لەشکرکێشییەکی نوێی بۆ سەر باشووری کوردستان دەستپێکرد و ٩ بارەگای نوێی کردەوە، بەو هۆیەوە ١٨٤ خێزانی ناچار بە جێهێشتنی زێدی خۆیان کردووە و بە بەردەوامیش بۆردوومانی سنووری پارێزگای دهۆک و هەولێرو سلێمانی دەکات.
بەپێی زانیاریی سەرچاو ناوخۆییەکان بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز، کۆچەرییەکانی دەڤەری برادۆست لە سنوورى هەولێر، بەهۆی بۆردومان و هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکەوە چیا و کوێستانەکانی ئەو دەڤەرە جێدەهێڵن.
هەروەها لە گرتە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت خانەوادەیەکی کۆچەری دەوارەکانیان تێک دەدەن بەنیازی کۆچکردن و جێهێشتنی دەڤەری برادۆستن.
جێگای ئاماژەیە، بەدەر لە چۆڵکردنی گوندەکانی سنووری پارێزکاگانی هەولێر و دهۆک و شەهیدکردن و بریندارکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی، لە بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکدا چەندین کۆچەریش شەهید و برینداربوون.