خۆبەڕێوەبەری شانەی قەیرانی بۆ لوبنانییەکان دامەزراند
خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، شانەی قەیرانیان بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە لە لوبنانەوە دەگەڕێنەوە دامەزراندووە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پارێزراو نیشتەجێ ببن.
![](https://test.jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/09/20240929-lubnan-shanay-qairan-jpgf877a0-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە دوو هەفتەی ڕابردوودا، لە هەزار و ٣٠ کەس کە ٨٧ یان منداڵ و ١٥٦ ژن گیانیان لەدەستدا، لە هێرشەکانی دوێنێی ئیسرائیلدا، دیاری کراوە کە ٣٣ کەس گیانیان لەدەستداوە، هەزاران کەس کە بەهۆی هێرشەکانەوە هەڵاتوون، هەوڵی گۆڕینی شوێنەکانیان دەدەن.
خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شانەی قەیرانی بۆ ئەو هاوڵاتیانەی دامەزراند کە ناچارن لە لوبنانەوە بگەڕێنەوە و بە شێوەیەکی پارێزراو نیشتەجێ بن، خۆبەڕێوەبەری لە دەروازەی نێوان باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ناوچەکانی حکومەتی شام بەڕاگەیەندراوێک ڕایگەیاند، شانەی قەیرانیان دامەزراندووە.
"شانەی قەیرانەکان دامەزران"
گوڵستان عەلی، جێگری هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ململانێکانی لوبنان و لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی و بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی ئەو سوورییانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ هەرێم، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان ئەنجامداوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە شانەی قەیران دابندرێت و ئەم خشتەیەش لە لایەن و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان پێکدێت.
"کۆچبەری کۆنترۆڵ دەکرێت"
گوڵستان عەلی سەبارەت بەشانەی قەیرانەکان و بەرپرسیارێتیەکان وتی: شانەکە پێشوازی لە پەنابەرانی سووریا دەکات، ناویان تۆمار دەکات و ناسنامەیان پشتڕاستدەکاتەوە، دوای ئەوە، دانیشتووانی ناوچەکە کە لە لوبنانەوە گەڕاونەتەوە دەتوانن بچنە لای کەسوکار و خێزانەکانیان،بەڵام بۆ ئەو کەسانەی کەسوکاریان لە هەرێم نین، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە هەرێم ناوەندی تایبەتیان بۆ دابین دەکات، شانەی قەیرانەکان سەرپەرشتی پێشوازی کۆچبەران دەکات، گوڵستان عەلی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە کاروباری ئاوارەکان کرد پاڵپشتی پێویستیان بۆ بکەن.
گوڵستان عەلی جارێکی تر داوای کرد دەروازەی تل کۆچەر بکرێتەوە بۆ ئەوەی هاوکاری مرۆیی بگاتە ناوچەکە و بەسەر ئاوارەکاندا دابەش بکرێت، ناوبراو ڕایگەیاند، پێویستە حکومەتی شام ئاسانکاری بۆ پەڕینەوەکە بکات.