خۆبەڕێوەبەری: کۆمەڵکوژی شەنگال وەک جینۆساید قبوڵ بکەن

خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کۆمەڵکوژی چەتەکانی داعش لە شەنگال لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ وەک جینۆساید قبوڵ بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەیاننامەیەکی نووسراوی لەبارەی ١٠ ساڵەی کۆمەڵکوژیی ٣ی ئاب لە شەنگال بڵاوکردەوە.

 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئامانجی سەرەکی کۆمەڵکوژی دژی پێکهاتەی ئێزیدی لە شەنگال، وێرانکردنی کۆمەڵگەیەکە، لەناوبردنی کولتوور و شارستانییەت و پیرۆزییەکانیەتی، کۆمەڵگەی ئێزدی هەموو جۆرەکانی دڕندەیی و چەوساندنەوە بە درێژایی مێژوو بەخۆیەوە بینیووە، زیاتر لە ٧٤ فەرمان دژی دەرچووە، سەرەڕای گەورەیی ئەم کارەساتە، کۆمەڵگەی قارەمانی ئێزیدی توانی لە ماوەیەکی کورتدا خۆی ڕێکبخات بۆ ئەوەی تەواوی شەنگال لە دەستی چەتەکانی داعش ئازاد بکات یەکینەکانی پاراستنی شەنگال-یەپەشە و ئەنجومەنی مەدەنی شەنگال بۆ خۆبەڕێوەبردن و ڕێکخستنی کاروباری شەنگال دامەزراند.

 

لە بەیاننامەکەدا، کۆمەڵکوژییەکەی شەنگال بە توندی شەرمەزار کرا و باس لەوە کرا کە ئەو کارە نامرۆڤانەی چەتەکانی داعش ئەنجامی دەدەن دژی پەیماننامە و مافی مرۆڤە.

 

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا بانگەوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرجەم ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرا کە کۆمەڵکوژی چەتەکانی داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ لە شەنگال وەک جینۆساید قبوڵ بکەن.