خەڵاتی شەهید سۆرانی مامە حەمە بەخشرایە ئیلهام ئەحمەد

لە شاری سلێمانی ١٨ەمین ساڵیادی شەهیدکردنی سۆرانی مامە حەمە بەڕێوەچوو، لە ساڵیادەکەیدا جەخت لە سزادادانی بکوژانی کرایەوە، هەروەها وتارێکی ئیلهام ئەحمەد خوێندرایەوەو خەڵاتی ڕێزلێنانی ئەمساڵی سۆرانی مامە حەمە بەخشرا بە هەریەک لە ئیلهام ئەحمەد و مەحمود نامۆ.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی ٢١ی تەمووز،  لە ناوەندی ڕێکخراوی سی دی ئۆ لە شاری سلێمانی، بە ئامدەبوونی توێژە جیاوازەکان و بە درووشمی “مانگی ئەرخەوانی سۆرانی مامە حەمە هەرگیز ئاوانابێت”، لە ١٨ـەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهید سۆرانی مامە حەمە، بەبیرهێنرایەوە و خەڵاتی شەهیدی قەڵەم بەخشرا بە ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوبەری ڕۆژئاوای کوردستان.

 

لە مەراسیمەکەدا وتارێکی ئیلهام ئەحمەد لە لایەن نەجمە عەلوشەوە پێشکەشکرا کە تێیدا هاتبوو: سوپاسی بەڕێزتان دەکەم بۆ دەسنیشانکردنی من وەک ژنێک کە بەشێکم لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، وەرگرتنی قەڵغانی ڕێزلێنانی شەهید سۆرانی مامە حەمە جێی شانازییە، کە بە ناوی شەهیدێک لە شەهیدانی ئازادیخواز خەڵات بکرێم، هەموو خەبات و تێکۆشانمان لە پێناو ئازادییە، ئازادی ڕاگەیاندن بەشێکی دانەبڕاوە لە ئامانجەکانی تێکۆشانمان.


         


        

وتیشی: هەمیشە ڕۆژنامەنووسە گەنجەکانمان گیانی خۆیان دەبەخشن، لەپێناو ئازادکردنی ئەم نیشتیمانە جوانە، لەپێناو کوردستانێک کە ئازادی ڕادەربڕین دەپارێزێت، ڕاگەیاندن ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە تێکۆشانی گەلەکەمان بۆ ئازادی، بە تایبەت لە ڕووداوەکانی دوای ڕۆژئاوای کوردستان بینیمان ڕۆڵی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان چەند گرنگ بوو، کە شانبەشانی شەڕڤانان بەرگریان دەکرد بۆ پاراستنی گەلەکەمان و دەنگی گەلەکەمان.