"خانووەکانمان وێران بوون بەڵام نەیانتوانی خۆشەویستیمان بۆ خاک لەناو ببەن"
ئەمینە زاهیر، کە پێنج ساڵ لەمەوبەر لە گوندەکەی کۆچی کردووە، جارێکی دیکە گەڕایەوە گوندەکەی، وتی: خانووەکانمان وێران بوون بەڵام نەیانتوانی خۆشەویستیمان بۆ خاکەکە لەناو ببەن.
سورگوڵ شێخۆ
زرگان
گوندی تل وەرید دەکەوێتە نێوان شارەکانی تل تەمیر و زرگان لە کانتۆنی جزیرە، ئەو گوندە بەهۆی هێرشی ئاسمانی و زەمینی تورکیای داگیرکەرەوە لە هێڵی ئاگردا بووە، زیانێکی زۆری بەرکەوتووە وە یەک خانووش وەک خۆی نەماوە.
هەموو خێزانێکی کۆچبەر هەمیشە پرسیاریان کردووە کە کەی دەگەڕێنەوە بۆ گوندەکەیان لەو کاتەوەی کۆچیان کردووە، بەم دەستەواژەیە بۆ ماوەی شەش ساڵ هەموو ڕۆژێک بەڵێنی گەڕانەوەی شکۆمەندانەیان دووبارە کردووەتەوە.
ئەمینە زاهیر، دایکی چوار کچ و چوار کوڕە، سێ مانگ پێش ئێستا گەڕاوەتەوە گوندەکەی کە پێنج ساڵ بوو کۆچی لێ کرد بوو، هەرچەندە هێشتا مەترسی تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی هەیە، بەڵام خێزانەکە گەڕاونەتەوە.
ئەمینە زاهیر کاتێک گەڕایەوە چی دۆزیەوە؟
خانووی ئەمینە داهیر بەهۆی تۆپباران و هێرشەوە زیانی بەرکەوتووە، وەک سەدان خانووی دیکەی گوندەکە، هێشتا شوێنەواری لەسەر خانووەکەی ماوە، کە نیشانەی دڕندەی تورکیای داگیرکەر و پێشێلکردنی یاساکانی مافی مرۆڤە، هەرچەندە داگیرکەران خانووەکانیان وێران کرد، بەڵام نەیانتوانی پێش بە خۆشەویستی خاک و گەڕانەوەیان بۆ باوەشی گوندەکە بکەن.
ئەمینە زاهیر قسەی بۆ ئاژانسەکەمانکرد و باسی گەڕانەوەی کرد ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی دڕندەی هێرشەکانی تورکیای داگیرکەر ناچاربوون کۆچبکەن و بەردەوام بوو: زەوییەکانمانیان داگیرکرد، خانووەکانی ئێمەیان تۆپباران کرد و یەک داریان لە حەوشەکەماندا نەهێشتەوە، سێ مانگە گەڕاوینەتەوە، بەڵام ئەوەی بینیومانە وێرانکاریە.
دوای بینینی خانووەکە کە وێران بووە، ئەمینە داهیر و خێزانەکەی دەست دەکەن بە خشت بڕین، بەم شێوەیە لاپەڕەیەکی نوێ لە ژیانیاندا دەکەنەوە بەو ناوەڕۆکە کە دووبارە دروستیان کردووەتەوە، وە دوو ژوور لە خشت دروست دەکەن.
ئەمینە زاهیر گەشتی کۆچکردن لە گوندەکانی ئاشوورییەوە بۆ کامپی کۆچبەران بە شەڕێکی بێ گوللـە و ململانێیەکی بەردەوام پێناسە دەکات، کۆچکردن کارەساتە و گەڕانەوە بۆ ماڵەوە گونجاوترین چارەسەر بوو.
زەویەکانی ئەمینە زاهیر هێشتا لە ژێر داگیرکاریدایە و ماوەی شەش ساڵە تۆوێکیان نەچاندووە، دوورن لە کشتوکاڵ.
ئەمینە زاهیر بە گەڕانەوە وەڵامی داگیرکارییەکەی دایەوە
ئەمینە زاهیر وتی: لە هەموو شوێنێک مووشەکی نەتەقینەوەم بینی، کۆکردمەوە و بێلایەنم کرد، خۆیان ڕادەستی بێدەسەڵاتی نەکرد، وە خەبات و بەردەوامبوونیان لە ژیان هەڵبژاردووە و بە گەڕانەوە وەڵامی داگیرکەرانیان دایەوە.
بەو پێیەی خانووەکە بەم دۆخەی ئێستایە بەکارنایەت، دوو ژووریمان لە خشت دروستکردووە، ئەمینە سەبارەت بە دڕندەیی هێرشەکانی سەر گوندەکانی وتی: لە هەر شوێنێک سەیر بکەم، دەبینم شوێنەکە وێران بووە، هەندێک گوند تا زەوی ڕوخاون.
لەدەستدانی کشتوکاڵ
چاوی ئەمینە زاهیر لەسەر زەوییە داگیرکراوەکانیەتی و دەیەوێت تورکیای داگیرکەر زەویەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت جارێکی دیکە بیچێنێت، لە هەمان کاتدا دەیەوێت شەڕ کۆتایی پێبێت و سەقامگیری جێگیر بێت، بۆ ئەوەی چیتر کۆچ نەکەن و لە ترسدا نەژین.
"ئەگەر داگیرکاری نەبوایە خاکەکەمان بەجێ نەدەهێشت"
ئەمینە زاهیر وتی: هیوای ئێمە ئەوەیە کە ماڵی خۆمان دروست بکەین و جارێکی دیکە زەوی خۆمان بچێنین، ئەمە لە دڵماندا دەمێنێتەوە، ئەگەر داگیرکاری نەبوایە، کۆچمان نەدەکرد، ماڵەکانمان بۆردوومان نەدەکرا، زەویەکانیان دابەش نەدەکرا و داگیر نەدەکرا، هەروەها ۱۰ ساڵیش تێپەڕێت، وەک جاران نابێت، پرسی کشتوکاڵ و وێرانکردنی ماڵەکان زۆرە، ئەمڕۆ ناتوانین پەنجەرە و دەرگایەک بکڕین، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک، هیوامان زیندووە، خواستی ئێمە لەپاڵ خواستی هەزاران کۆچبەردا ئەوەیە کە شەڕ کۆتایی پێبێت و کۆچبەرەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. ئێمە لە شەڕ بێزار بووین، ماوەی چەند ساڵێکە سووریا لە حاڵەتی شەڕدایە و خەڵکی چیتر نازانن چی بکەن، هەر بۆیە خەونی ئێمە سەقامگیرییە.
"ئەو منداڵانەی لە کۆچبەریدا گەورە بوون، خەڵک و ماڵەکانیان ناناسنەوە!"
ئەمینە زاهیر، لە کۆتاییدا، خاڵێکی زۆر گرنگی خستەڕوو و وتی: ئەو منداڵانەی کە لە کاتی کۆچبەریدا هێشتا شیریان پێدەدرا، ئێستا گەورە بوون بەڵام دایک و باوکیان ناناسن، چونکە دوای کۆچکردن هەمووان بەرەو لایەک ڕۆیشتن، ئێستا لەگەڵ گەڕانەوە، هاوڕێ و خێزانەکانمان بەو منداڵانە دەناسێنین کە لە شەش ساڵی ڕابردوودا گەورە بوون، ئەو منداڵانەی ئەوکات تەمەنیان تەنها چەند مانگێک بوو، ئێستا تەمەنیان شەش ساڵە و تا ئێستاش دایک و باوکیان ناناسن!
هەروەها باس لەوە دەکات، کە تا ئێستا ڕووبەڕووی چەندین کێشە بووەتەوە، وەک دابینکردنی ئاو، دروستکردنی تۆڕی کارەبا و هتد، هەروەها زۆر باش دەزانێت کە هەموو ئەو کێشانە تەنها پەیوەندییان بە کشانەوەی تورکیای داگیرکەرەوە هەیە لە ناوچەکە.