کۆچبەرانی سەرێکانی : ئێمە گەڕانەوەیەکی ئارام و بەڕێزانەمان دەوێت

کۆچبەرانی سەرێکانی لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگای حەسەکە گردبوونەوەیەکیان ڕێکخست، ئەوان کە لە ناو بارودۆخێکی سەختی کامپەکاندا دەژین، داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ٢٩ی کانوونی دووەم و دابینکردنی گەڕانەوەیەکی ئارام و بەشەرەفیان بۆ سەر زێدی خۆیان کرد.

حەسەکە

کۆچبەرانی سەرێکانی لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگای حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، گردبوونەوەیەکی نەڕەزایەتییان سازکرد. کۆچبەران داوای گەڕانەوەیەکی ئارام، بێمەترسی و بەڕێزانەیان بۆ شار و گوندەکانی خۆیان کرد.

کۆتاییهێنان بە دۆسیەی کۆچبەران یەکێکە لە خاڵەکانی ڕێککەوتننامەی ٢٩ی کانوونی دووەم کە لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات قەسەدە و حکومەتی کاتیی شامدا واژۆ کراوە. سەرەڕای ئەمەش، تا ئێستا بە هەزاران کۆچبەری شارەکانی سەرێکانی و گرێ سپی لە کەمپەکانی کۆچبەریدا دەژین و لە ناو بارودۆخێکی زۆر سەختدا درێژە بە ژیانیان دەدەن. ئەوان داوای جێبەجێکردنی خێرای ئەم خاڵە دەکەن و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن کە مەرجەکانی گەڕانەوەیەکی ئارام و بەشەرەف بۆ سەر زێدی خۆیان دابین بکەن.

لەو چالاکییەدا، خۆپیشاندەران چەندین پانکارتیان بەرزکردبووەوە، لەوانە: منداڵەکانمان لە ناو خێوەتەکاندا گەورە دەبن و خەون بە ماڵ و قوتابخانەکانی خۆیانەوە لە سەرێکانی دەبینن، ساڵانی کۆچبەری تەمەنی لێ دزین، مافی گەڕانەوەمان لێ زەوت مەکەن سەرێکان بۆ خەڵکەکەی خۆیەتی و ئێمە گەڕانەوەیەکی ئارام و کۆتاییهێنان بە دۆسیەی کۆچبەریمان دەوێت.

 

دەمانوێت منداڵیی خۆمان لە شاری خۆماندا بژین

لە نێو بەشداربووانی ئەو گردبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، مناڵێکی کچ بە ناوی نوسین عەلی قسەی کرد و داوای گەڕانەوەیەکی ئارامی کرد. ئەو وتی:دەمانوێت بگەڕێینەوە بۆ ماڵ و قوتابخانەکانمان و منداڵیی خۆمان لە وڵاتی خۆماندا بژین.

 

ئێمە گەڕانەوەیەکی بێمەترسیمان دەوێت

بەهییە محەمەد، کە یەکێکە لە ژنە کۆچبەرەکان، لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاند: ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی داوای گەڕانەوەیەکی ئارام و بێمەترسی بکەین. ئێمە لە ناو کەمپەکاندا ئازار و مەینەتییەکی زۆر دەچێژین، ئێستا تەنها دەمانوێت لە ماڵەکانی خۆماندا بژین. ئێمە دەست لە مافی خۆمان هەڵناگرین و تا ئەو کاتەی دەگەڕێینەوە بۆ وڵاتی خۆمان، درێژە بە تێکۆشان و بەرخۆدانمان دەدەین. ئێمە لە ئێستادا ناتوانین بگەڕێینەوە، چونکە چەکدارە داگیرکەرەکان دەستیان بەسەر ماڵەکانماندا گرتووە و هەڕەشەی کوشتنمان لێ دەکەن.

 

کار بۆ گەڕانەوەیەکی ئارام دەکرێت

لە کۆتایی چالاکییەکەدا، پارێزگاری حەسەکە نوردین ئەحمەد چووە نێو خۆپیشاندەران و گوێی لە داواکاری و ڕاو بۆچوونی چالاکوانان و بەشداربووان گرت. پارێزگار ڕایگەیاند کە کار دەکەن بۆ دابینکردنی مەرج و شێوازی گەڕانەوەیەکی ئارام و بێمەترسی، و ئامانجی سەرەکیشیان کۆتاییهێنانە بە دۆسیەی کۆچبەری.