دەستپێشخەریی عێراقی بۆ ئازادیی ئۆجالان: پەیامەکە هەنگاوی گرنگە

دەستپێشخەریی عێراقی بۆ ئازادیی ئۆجالان ڕایگەیاند، بانگەوازێکی دڵسۆزانە بوو بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دەسەڵاتدارانی تورکیاشەوە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ سەربازییەکان و هەنگاونان بەرەو چارەسەریی سیاسی ئاشتیانە.

ناوەندی هەواڵ

 

دەستپێشخەریی عێراقی بۆ ئازادیی ئۆجالان لە ڕاێگەیەندراوێكدا پێشوازیی لە پەیامی سەدەی ڕێبەری گەلی كورد عەبدوڵا ئۆجالان دەكات و ڕایگەیاند، "پەیامەکە  هەنگاوێکی گرنگە لە ڕێبازی پڕۆسەی ئاشتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، هەروەها ئاڕاستەی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا".

 

 

دەستپێشخەریی عێراقی بۆ ئازادیی ئۆجالان لە ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەیان بەوەشدا، پەیامەکەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بانگەوازێکی دڵسۆزانە بوو بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دەسەڵاتدارانی تورکیاشەوە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ سەربازییەکان و هەنگاونان بەرەو چارەسەریی سیاسی ئاشتیانە. ئەم بانگەوازە نوێنەرایەتی ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە دەکات، کە هەموو لایەنەکانی ناچارکردووە بە سیاسەت و میتۆدەکانیاندا بچنەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە چارەنووسسازەکاندا.

 

هەروەها داوایەک ئاڕاستەی دەسەڵاتی تورکیا دەکەن و دەڵێن: ئەو پەیامە لە کاتێکی زۆر هەستیار و گرنگدایە، لە کاتێکدایە کە تورکیا هێزەکانی زۆرێک لە ناوچەکانی خاکی عێراقیان داگیرکردووە، هەروەها نزیکەی ٤٩ بنکەی سەربازی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە. داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکەین، کە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانیان لە خاکی عێراق و باکووری سووریا بکشێننەوە، ئەمەش لە پێناو ڕێزگرتن لە سەروەری وڵاتانی دراوسێ.

 

هەروەها دەستپێشخەریی عێراق بۆ ئازادیی ئۆجالان پێزانینی خۆی بۆ وەڵامی ئەرێنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق دەربڕی کە پاڵپشتی دەستپێشخەرییەکەی ڕێبەر ئاپۆیان کرد، بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەزانن بۆ چارەسەری ئاشتیانە بۆ سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ناوچەکە.

 

دووپاتیشی دەکەنەوە، شەقامی عێراقی بە شێوازێکی بەرفراوان پێشوازیی لەم پەیامە دەکات، گەلی عێراق ئەم بانگەوازە بە دەرفەتێکی مێژوویی دەزانێت بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان لە ڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن، دوور لە زمانی چەک.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، داوا لە بەرپرسانی تورکیا دەكەین وەڵامی ئەرێنی بدەنەوە بۆ بانگەوازەکەی ئۆجالان، هەروەها کاربکەن بۆ دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی سیاسی و یاسایی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی نێوان گەلانی کورد و تورکیا، چونكە گەیشتن بە ئاشتی لە ناوچەکەدا کاریگەری ئەرێنی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر سەقامگیری عێراق و وڵاتانی دراوسێ بە گشتی.