کاروانی دووەمی کۆچبەرانی سەرێکانی بەرەو زێدی خۆیان بەڕێکەوتن
کۆچبەرانی سەرێکانی کە دوای هێرشەکانی ساڵی ٢٠١٩ ناچاربوون ماڵ و زەوی و زارەکانیان بەجێبهێڵن، ئەمڕۆ لە کاروانی دووەمدا بەرەو ٥٥ گوند و ناوچە گوندنشینەکانی سەرێکانییە و زیرگان و تیل تەمیر دوای حەوت ساڵ بەڕێکەوتن.
حەسەکە
دوای حەوت ساڵ ئاوارەبوون، ئەمڕۆ کاروانی دووەمی کۆچبەرانی سەرێکانی لە کەمپی سەرێکانییەوە بەرەو گوند و لادێکانی سەرێکانییە، زیرگان و تیل تەمیر بەجێهێشت. لەم کاروانەدا ٦٨٩ خێزان هەن و هەموویان عەرەبن. خێزانەکان بەرەو گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی سەرێکانیە و هەروەها گوندەکانی تیل تەمیر و زیرگان بەڕێکەوتن.
حەوت ساڵ چاوەڕێی ئەم ڕۆژە بوون
ئاوارەکانی سەرێکانییە کە دوای هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ساڵی ٢٠١٩ ناچار بوون لە ماڵ و خاکەکانیان دوور بکەونەوە، دوای حەوت ساڵ ئەمڕۆ جارێکی دیکە بەڕێکەوتنەوە.
یەکەم کاروانی گەڕانەوە کە لە ٤١٠ خێزان پێکهاتبوو، لە ١٠ی ئابی ٢٠٢٦ کەمپەکەیان بەجێهێشت و بەرەو سەرێکانییە بەڕێکەوت. بەڵام دوای ئەوەی کاروانی پەنابەران گەیشتە شارەکە، هێرش کرایە سەر. ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لای کۆچبەران و پڕۆژەی گەڕانەوە بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیرا.
دوای ئەو ترسە، ئاسایش بوو بە مەرجی سەرەکی بۆ گەڕانەوە.

زێهرا سیمۆ، ئەندامی لیژنەی کۆچبەرانی سەرێکانیە ڕایگەیاند، خەڵکی سەرێکانیە بە ئومێدێکی زۆرەوە چاوەڕێی گەڕانەوەیان دەکەن و داواکاریی ئەوان ئەوەیە کە پڕۆژەی گەڕانەوە بە خێرایی جێبەجێ بکرێت.
زێهرا سیمۆ ڕایگەیاند، دوای ڕاگرتنی پڕۆژەی گەڕانەوە، هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دروست بووە و پشتڕاستکرایەوە کە دۆخی ئەمنی لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە. لەسەر ئەو بنەمایە ئامادەکاری بۆ کاروانی دووەم کرا و ئەمڕۆ کاروانەکە کەمپی سەرێکانیە بەجێهێشت.
زێهرا سیمۆ ئاماژەی بەوەدا کە گەڕانەوەی سەلامەت مافی هەموو کۆچبەرێکە و بەتایبەتی کۆچبەرانی سەرێکانیە کە ماوەی حەوت ساڵە لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین و بەبێ دەرفەت و پێویستی لە کەمپەکاندا خۆڕاگری دەکەن و وتی: هەموو کۆچبەرێک مافی ئەوەی هەیە بە سەلامەتی بگەڕێتەوە سەر خاکەکەی.
ئێمە دەمانەوێت ئەنجامی بەرخۆدانەکەمان بە گەڕانەوە ببینین
زێهرا سیمۆ ئاماژەی بەوەشکرد، لەم قۆناغەدا کۆچبەران مافی گەڕانەوەیان هەیە بۆ سەر خاکی خۆیان و مەلەفی کۆچبەرانیان تەواوبکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەی کۆچبەرانی سەرێکانیە کار بۆ گەڕانەوەی سەرجەم کۆچبەران دەکات و داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کرد پشتیوانیان بکەن.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە زۆرێک لە ماڵ و خانووی کۆچبەران وێران بوون و دوای گەڕانەوەیان، خێزانەکان لە لایەنە جیاوازەکانی ژیاندا ڕووبەڕووی سەختییەکی گەورە دەبنەوە.
ماڵەکان وێران بوون، بەڵام زەویەکەمان لەوێیە

لۆزییە کوما، خەڵکی گوندی ئەلعومەیر لە سەرێکانییە، خۆشحاڵی خۆی بە گەڕانەوەی دەردەبڕێت و دەڵێت: ئێمە نەمانتوانی بە خۆشی بخەوین، حەوت ساڵە چاوەڕێی ئەم ڕۆژە بووین و هیوامان خواست ئەم ساتە بژین.
لۆزییە کوما ئاماژەی بەوەشکرد، دەزانن کە دەگەڕێنەوە سەر ماڵە وێرانبووەکانیان بەڵام گرنگە بۆیان بگەڕێنەوە سەر خاک و ماڵەکەیان و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: دەزانین کە دەگەڕێینەوە سەر ماڵە وێرانبووەکانمان بەڵام گرنگ ئەوەیە بگەڕێینەوە بۆ ماڵ و خاکەکەمان، ئێمە تەنها ئاسایشمان دەوێت.
لۆزییە کوما ڕایگەیاند کە ئەوانیش چادرەکەیان لەگەڵ خۆیان هێناوە و لە شوێنی ماڵە وێرانەکانیان دادەنێن و وتی کە ئاسایش گرنگترین پێویستییە بۆ ئەوان و منداڵەکانیان.
لۆزییە هیوای خواست کە ئازاری ئاوارەیی کۆتایی پێبێت و هەموو ئاوارەبووەکان بە سەلامەتی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و خاکی خۆیان.
ئێمە دەمانەوێت لە قوتابخانەکەمان بخوێنین

هەروەها نایا میحمەد خەڵکی گوندی کێنیهێر خۆشحاڵی خۆی بە گەڕانەوەی بۆ گوندەکەی دەربڕی و جەختی لە گرنگی پاڵپشتیکردنی پەروەردە لە گوند و شارۆچکەکانی سەرێکانیێ کردەوە و وتی: زۆر خۆشحاڵین بە گەڕانەوە بۆ گوندەکەمان، دەمانەوێت لە بواری پەروەردەدا پاڵپشتیمان بکرێت، دەمانەوێت لە قوتابخانەکانمان بخوێنین و دۆخی خوێندن بەرەو باشتر بچێت”.
نایا میحمەد وتی کە هەستەکانیان لەم ڕۆژەدا تێکەڵە؛ لە لایەکەوە دڵخۆشن بە گەڕانەوەیان بۆ سەر خاکەکەیان، لە لایەکی ترەوە دڵتەنگن چونکە دراوسێکانیان بەجێدەهێڵن.
لەکۆتایی قسەکانیدا نایا داوای کرد کە سەرجەم ئاوارەکان بە سەلامەتی بگەڕێنەوە و ڕایگەیاند کە دەیانەوێت جارێکی تر لە شار و گوندەکانیان یەکتر ببیننەوە.
لە کاتی ڕۆشتنی کاروانی دووەمدا، سیامەند ئەفرین، جێگری فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگای حەسەکە، لە نێو ئاوارەکانی سەرێکانییەشدا ئامادە بوو، خۆشحاڵی گەڕانەوەیان هاوبەشی کرد.