کاردانەوەی مەکەگە بەرامبەر بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووس جوانە جومعە
کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنی میزۆپۆتامیا بە ڕاگەیەندراوێکی نووسراو وەڵامی هەڕەشەکانی دژ بە جوانە جومعە، پەیامنێری کەناڵی ڕۆناهی دایەوە و داوای هاودەنگی بۆ پاراستنی ئازادی و ڕاستی کرد.
ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنی میزۆپۆتامیا ڕایگەیاند، دوای بەئامانج گرتنی ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەڕەشەکان لە دژی ڕۆژنامەنووسان بەردەوامە، ئەم هێرشە بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان درێژەپێدەری فشارە سیستماتیکییەکانە بۆ سەر کارمەندانی ڕاگەیاندن کە ڕاستییەکانی ناوچەکە بۆ جیهان ڕادەگەیەنن و وتیشی: هاوڕێکانمان بەهۆی هەوڵدان بۆ ڕاپۆرتکردنی ڕاستییەکانی ناوچەکە کرانە ئامانج، ئەوان گیانیان لەدەستدا و ئامانجەکانیان لەدەستدا.
'جوانە جومعە دەکرێتە ئامانج'
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە ئەم هێرشە بە هەمان شێوە کاردانەوەی بیروڕای گشتی جیهانی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و دەزگاکانی ڕۆژنامەگەری بەرەوڕوو بووەتەوە.
'هێرشێک بۆ سەر ئازادی ڕۆژنامەگەری'
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوای دەستبەجێ کۆتاییهێنان بەم هێرشانە بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان دەکرێت و وتراویشە: هەڕەشە و بەئامانجکردنی ڕۆژنامەنووس جوانە جومعە و هاوڕێکانی دیکەمان هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئازادی ڕۆژنامەگەری و مافی خەڵک.
'ڕاستییەکان ناشاردرێنەوە'
لە کۆتاییدا کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنوسی میزۆپۆتامیا ڕایگەیاند، بە هاودەنگی لە بەرامبەر ئەو جۆرە هێرشانەدا دەوەستنەوە کە هەوڵی بێدەنگکردنی ڕۆژنامەگەری دەدەن لە ڕێگەی سیاسەتی ستەم و تۆقاندنەوە، پاراستنی ڕاستییەکان و بەرزکردنەوەی دەنگی هاوبەش لە بەرامبەر بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک گرنگترە، بەڵێ، ڕاستییەکان بێدەنگ ناکرێن، نابێت ڕۆژنامەنووسان بکرێتە ئامانج.