کاردانەوەی هونەری دژی بڕیارەکانی تاڵیبان

دژی فشارەکانی تاڵیبان، کاردانەوەی ژنان بەردەوامە. هونەرمەند لەیلا ئەحمەدی دوای دەستبەسەرکردنی ژنان لە هەرات، بە هاوکاریی دایکی لە شەوێکدا لەسەر دیواری حکومەت پەیامێکی کێشا.

بەهاران لەهیب

 

هەرات – کە سەیری مێژووی ئەفغانستان دەکەین، ڕۆڵی ژنان لە تێکۆشان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا زۆر جار لەبەر سەردەستەیی کلتووری باوکسالاری بچووک کراوەتەوە. بەڵام دیسانەوە ژنان هەمیشە لە ئابووری، کلتوور، ئەدەب، هونەر و پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە. بێبەشکردنی درێژخایەن لە مافە بنەڕەتییەکان و بەکارهێنانی چەمکی وەک نامووس لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ سەرکوتکردن، بووە هۆی دروستبوونی هۆشیاری و پاڵنەری بەرخۆدان لە نێوان ژناندا.

 

لە سەردەمە مێژووییە جیاوازەکاندا، سەردەمی شا ئەمانوڵڵا خان وەک سەردەمێک دەناسرێت کە ژنان وەک ئەندامی یەکسانی کۆمەڵگە دەهاتنە ئەژمار. لەم سەردەمەدا بۆ یەکەم جار قوتابخانەی کچان کرانەوە، ژنان بۆ خوێندن ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران و دەرفەتیان بۆ ڕەخسا لە بوارە جیاوازەکاندا کار بکەن.

 

پرۆسەی دەسەڵاتداری و تۆڕی پشدەبەستنی هاوکاری

بە گەڕانەوەی تاڵیبان، بزووتنەوەکانی ژنان دووبارە بەرفراوان بوونەوە. ژنان بە شێوازی تاکەکەسی و بە کۆمەڵ لە دژی سیاستە زۆردار و دژەژنییەکان وەستانەوە. بەڵام لەم پرۆسەیەدا ڕووبەڕووی دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجە، سووکایەتی و سەرکوتکردن بوونەوە. ئەم تێکۆشانە لە هەمان کاتدا لەلایەن بزووتنەوەکانی ژنان لە ئێران، عێراق، سوریا، کوردستان و فەلەستین، هەروەها چالاکییەکانی کەسایەتییەکانی وەک مینا کاشوار کەمال"، ئەندامانی "RAWA" و باڵی ژنانی پارتی هاوبەندی  ڕێکخرا و کاریگەریی لێکەوتەوە. ئەم ڕەوشە بووە هۆی ئەوەی ژنانی ئەفغانستان دەنگی خۆیان بۆ دادپەروەری و هاوپشتی لە هەموو شوێنێکی وڵاتدا تەنانەت بە بچووکترین چالاکیش بەرز بکەنەوە.

 

لەبەر ئەمە، لەیلا ئەحمەدی هونەرمەندی ١٨ ساڵان لە پارێزگای تەخارەوە، بۆ هاوپشتی لەگەڵ ژنانی هەرات کە بەم دواییانە لەلایەن هێزەکانی ئەمر بە مەعروفی تاڵیبانەوە دەستبەسەر کرابوون نیگارکێشییەکی دیواریی دروست کرد و بووە دەنگی ئەوان.

 

ناسینی هونەرمەندەکە و پرۆسەی پەیوەندیکردن

کە چووینە ناو شاری تەخار، تەنانەت لەگەڵ ئەوەی ڕێگەکە تۆز و خۆڵ بوو، ئەم تابلۆیەی سەر دیواری باڵەخانەیەکی حکومەت سەرنجی ڕاکێشاین. لێکۆڵینەوەمان کرد تا بزانین هونەرمەندەکە کێیە و ئامانجی چییە؛ دوای چەند ڕۆژێک پەیوەندیمان بە لەیلاوە کرد.

 

لەیلا لە گوندێکی ئاوەدانی ناوچەی ڕوستاق دەژێت کە لە نێوان چیاکانی پارێزگاکەدایە. بۆ دیداری ئەو، ڕێگە خراپ و خۆڵاوییەکانمان بڕی و گەیشتینە خانوو کۆنەکەی خێزانەکەی کە لە قوڕ و کەپچ دروست کرابوو. ئەم خانووەی کە بە ڕەز و باخچەی درەخت دەورە درابوو، سەردانەکەمانی خۆشتر کرد. پێشوازیی گەرمی لەیلا، دایکی و ئەندامانی خێزانەکەی جوانیی ئەم دیداره‌یان زیاتر کرد. خۆشکی بچووکی بە میوەی تازە، شیری گەرم، چا و نانی تەنوور پێشوازیی لێ کردین.

 

نەریتە ناوچەییەکان و بەسەرهاتی لەیلا

دوای کاتژمێرێک، دەستمان بە چاوپێکەوتن لەگەڵ لەیلا کرد. لێمان پرسی کەی و چۆن ئەو وێنەیەی ناوەڕاستی شاری دروست کردووە. ئەو بە دڵێکی هێمن و بە ووتەکانی خۆی، دەستی بە گێڕانەوەی چیرۆکەکەی کرد: کاتێک تاڵیبان دەسەڵاتی گرتە دەست، من لە پۆلی شەش بووم. تەخار یەکێک بوو لە یەکەم پارێزگاکان کە کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی تاڵیبان. لە هەموو ناوچە و گوندەکان ڕاگەیەندرا کە خێزانەکان ناچارن دوو ئاڵا لەسەر بانی خانووەکانیان هەڵبواسن،ئاڵای سپی بۆ ئەو خێزانانەی کە کچی گەنجیان هەبوو. ئەمەش ترسێکی گەورەی لە ناو خەڵکدا دروست کرد. هەندێک خێزان ناچار بوون بچنە کابل و پارێزگاکانی تر. دوای ئەوەی تەواوی ئەفغانستان کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵیان، خەڵک ناچار بوون دووبارە بگەڕێنەوە.

 

لەیلا کاتێک هەواڵی بڕیارەکان دەبیستێت زۆر تووڕە دەبێت و بۆ ئەم ڕەوشە دەڵێت: کاتێک ڕێگەیان نەدا درێژە بە خوێندنەکەم بدەم، ئەم تووڕەییە زیاتر بوو. دیدم کە ژنانی بەجەرگ لە ئەفغانستان و تەخار بۆ پاراستنی مافەکانیان ڕژانە سەر شەقامەکان. من زۆر بچووک بووم بۆ ئەوەی بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا بکەم، بەڵام دایکم هەمیشە دەچوو.

 

دەستبەسەرکردنی ژنانی هیرات و دروستکردنی تابلۆکە

کە لەیلا دەبیستێت ژنان لەلایەن تاڵیبانەوە بە پاساوی ئەوەی باڵاپۆشییان تەواو نەبووە دەستبەسەر کراون، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دروست دەکات. لەیلا ئەمە بەم شێوەیە دەردەبڕێت: پاش ئەوەی ژنانی هەرات لەلایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە بە پاساوی 'خراپ پێچانی حیجاب' دەستبەسەر کران، زۆر بێزار بووم. دەمویست ببمە دەنگی ئەو ژنانە. بە هاوکاریی دایکم، ئەم تابلۆیەم لە شەوێکدا تەواو کرد و لەسەر دیواری باڵەخانەی حکومەت نەخشاند .

 

لەیلا لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، بوێریی لە دایکی و ژنانی ئەفغانستانەوە وەرگرتووە و قسەکانی بەم شێوەیە کۆتایی پێ دێنێت:

تێگەیشتم کە دەبێت دەنگمان لە دژی زوڵم بەرز بکەینەوە و نەهێڵین ببینە ئامانج. بڕوام وایە ئەم چالاکییە بچووکانەی ئێمە ڕۆژێک دەبنە ئیتشخەرێک و ڕژێمی دژەژنی تاڵیبان هەڵدەوەشێننەوە.