کاردانەوەی گوندنشینان: ئاگرەکە بەهۆی کەمتەرخەمی کەوتووەتەوە

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە نێوان شەمرەخ لە ماردین و چناری سەر بە ئامەد، تا ئێستا ٦ کەس گیانیان لەدەستداوە، گوندنشینانی بریندار ناڕەزایەتیان دەربڕی و ڕایانگەیاند، ئاگرەکە بەهۆی وایەرە کارەباییە پەرت پەرت بووەکانەوە بووە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد-بەهۆی ئاگرکەوتنەوە کە شەوی ڕابردوو ٢٠ لەسەر ٢١ی حوزەیران لەنێوان شەمرەخی ماردین و چناری ئامەد کەوتەوە، زیانێکی زۆر بەر گوندەکانی گەلەک، ڕەشان، مەزرایە دەر، و دیرین کەوتەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتووە، ٦ کەس گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان ژنە، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەندیکای توێژەرانی تەندروستی و کۆمەڵایەتی ٥٧ کەس برینداربوون، لەو گوندانەی کە لە چوار کاتژمێری سەرەتادا دەستوەردان نەکرابوون، زیانێکی ماددی گەورە هەیە، قسە درۆییەکەی پارێزگاری ئامەد کە وتی "سووتاندنی پەرێزەکان" بووە، لەلایەن گەلەوە بەدرۆ خرایەوە.

 

ئەو هاوڵاتیانەی کە شایەتحاڵی ڕووداوەکە بوون قسەیان بۆ کردین و ئاماژەیان بەوەکرد، دەستوەردانەکە زۆر درەنگ کراوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سەرەڕای پەیوەندییەکان نەچوون.

 

 دوای کۆتاییهاتنی ڕووداوەکان، ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا، گوازرانەوە بۆ مردووخانەی نەخۆشخانە لە ئامەد، هاوڵاتی برینداریش ڕەوانەی نەخۆشخانە دەوڵەتییەکانی ناوچەکە کران، ئەوەش زاندراوە کە زۆربەی بریندارەکان لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستوەردان بەهۆی کارەباوە بریندار بوون.

 

گوندەکەمان هێشتا دەسووتێت

مەلەک کاڤاکلی خەڵکی گوندی مەدیان لە چنار لەگەڵ برازاکانی یەکێکە لە بریندارەکان، مەلەک کاڤاکلی ڕایگەیاند کە کاتێک تیمەکانی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، لە مردن ڕزگاریان بووە و وتی: ئەگەر لە کاتی خۆیدا دەستوەردانێک ڕوویدابا، ئەمە ڕووی نەدەدا، ئەوان نەیانکرد، درەنگ بوو، ئێمە لە گوندەکەدا بە دۆزەخدا تێپەڕین، ئێستا لە نەخۆشخانەین بەڵام بەختمان هەیە چونکە ڕزگارمان بووە، دەیان کەسی وەک ئێمە بریندار هەن، هێشتا گوندەکەمان دەسووتێت، ماڵەکانمان وێران بوون.

 

"پارێزگار درۆ دەکات"

هاوکات لەگەڵ ڕاگەیەندراوی پارێزگار، دانیشتووانی شارەکە کاردانەوەیان بەرامبەر بەو دۆخە نیشاندا و ڕایانگەیاند کە ئاگرەکە بەهۆی ئەو وایەرانەی کارەباوە بووە کە ساڵانێکە نوێ نەکراونەتەوە، خەڵکی گوندەکە ڕایانگەیاندووە کە پارێزگار خەڵکەکەی تاوانبار کردووە، مەلەک وتی: بەڵام ئێمە چەندین جار داواکاریمان پێشکەش کردووەو هیچیان نەکردووە، لێرەدا تاوانباری ڕاستەقینە ئەوانن، شایەتحاڵی ڕاستەوخۆی ڕووداوەکەم، با کەس لۆمەی گەل نەکات.

 

"ئەم دۆخە جێی قبوڵکردن نییە"

لە کۆتاییدا ساڵیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری دەم پارتی ڕایگەیاند،ئەو ڕووداوە ترسناکە لە ئەنجامی بێباکییەکی گەورە ڕوویداوە، وتی: لە ئێوارەوە لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکە بووین، تەنها شتێک کە خەڵک دەتوانن بیڵێن ئەوەیە کە هۆکاری کەمتەرخەمی بووە، ئاگرەکە نەکوژایەوە، زیانی مرۆیی و ماددی زۆرە، ئەم دۆخە جێگەی قبوڵکردن نییە.