ژنانی تونس بۆ وەرزشوانانی ژن داوای دادپەروەری دەکەن

کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس هاوسۆزی خۆی لەگەڵ ناوبژیوان دورساف قەنەواتی دەربڕی بەهۆی ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەری کرا، بە پێویستیشیان زانی ئەو هەڵوێستە وەک تاوان نیشان بدرێت.

تونس

 

لە ١٦ی ئاداردا و لە کاتی یارییەکدا لە نێوان  تیپی"ئیسپێرانس دی تونس" و تیپی "کلەب ئەفریقین"، لە یاریگای نێودەوڵەتی ڕادێس، دوای ئەوەی پشێویەک لە یاریەکە دروست بوو ناوبژیوان داوای کرد لە ڕێگەی دیمەنە تۆمارکراوەکانی ناو یاریگاکە پێداچوونەوە بکرێت، لە پاش پێداچوونەوەکە ئاماژەی بە بەردەوامبوونی یارییەکە دا و ئەمەش بووە هۆکار بۆ ئەوەی توندوتیژی بەرامبەر بکرێت.

 

ڕووداوێک لە سایتەکانی سۆشیال میدیا بڵاوبووەوە کە ناوبژیوان دورساف قەنەواتی یەکەم ناوبژیوانی ژنە عەرەبە کە ناوبژیوانی کۆتایی یارییەکانی تۆپی پێی پیاوان بوو،  لەلایەن سەرۆکی یەکێتی یانەکانی ئەفریقا تووشی توندوتیژی زارەکی و ئەخلاقی بوو، چونکە بڕیاریدا یارییەکە بەردەوام بێت.

 

دوێنێ بۆ ئەو مەبەستە کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا دووپاتیکردەوە دەیان ساڵە دەسەڵاتی پیاوان زاڵن، ژنان لە هەموو کایەکانی کۆمەڵگەدا تووشی هەڕەشە و هەراسانکردن و سووکایەتییەکی ناشرین دەبن، بێگوومان لەناو یاریگاکانیشدا لەو مامەڵانە بێبەش نین و بەردەوام هێرش و توندوتیژی دەکرێتە سەریان، ئامانجی سەرەکیشیان وەستاندنی ژنانە لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بوارە جیاوازەکانی ژیان.

 

لە بەیاننامەکەدا داوای لێپرسینەوە لە ئەنجامدەری توندوتیژی دژی ناوبژیوانەکە کراوە، یاسای ژمارە ٥٨ی ساڵی ٢٠١٧ سزا بدرێت، داواش لە وەزارەتی لاوان و وەرزش کراوە بەرپرسیارێتی خۆی لە بەرامبەر بڵاوبوونەوەی توندوتیژی و قسەی ناشرین لە ئەستۆ بگرێت.

 

هەروەها داوا لە هەموو هاندەرانی وەرزش کراوە کە خۆیان لەو جۆرە کارانە بەدوور بگرن کە زیان بە مێژووی تیپە کۆنەکانی تونس دەگەیەنن و ئاغای وەرزشی دابەزێنن، کە ئەمڕۆ فەزای هاوبەشە بۆ هەمووان بە یەکسانی.

 

ئاماژەیان بەوەشکرد، زانکۆ وەرزشییەکان لە هەموو بەشەکاندا پابەندن بە ڕێزگرتن لە یاساکان و بە شێوەیەکی کاریگەر و بەپەلە دەستبکەن بە پەرەپێدانی سیاسەتی کاری ناوخۆیی کە تێیدا هەموو تاکێک ڕێزیان لێبگیرێت و یەکسانییەکی تەواو و کاریگەر لە ڕێگەی جاڕنامەی بنەما بنەڕەتییەکانەوە دابمەزرێندرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو جۆرە توندوتیژیانەی کە لە سایتەکانی سۆشیال میدیادا بڵاودەکرێنەوە تەنها بەشێکی کەمی باس دەکەن، بۆیە بە پێویستیان زانی لە هەموو کایەکاندا یاسایەک دابندرێت بۆ ئەوەی ڕێز لە مافی ژنان بگیرێت، هەوڵ بدرێت بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرە توندتویژییەک، کۆمەڵگەیەکی یەکسان بنیات بنرێت.