دانیشتنی دادگا بۆ خستنەڕووی تۆمەتەکانی سەر شەریفە محەمەدی بەڕێوەچوو

دانیشتنی دادگا بۆ خستنەڕووی تۆمەتەکانی سەر شەریفە محەمەدی بەڕێوەچوو و ئەویش بە شێوەی ئۆنلاین بەرگری لە خۆی کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ١٩ی کانوونی یەکەم، دانیشتنی دادگا بۆ خستنەڕووی تۆمەتەکانی سەر شەریفە محەمەدی، چالاکوانی کرێکاری زیندانیکراو لە زیندانی لاکان لە ڕەشت، لە لقی دووی دادگای ئینقلابی شارەکە بەڕێوەچوو.

 

بەشێک لە دادگاییەکە بە شێوەی ئۆنلاین و بە بەشداری شەریفە محەمەدی و ئامادەبوونی پارێزەرەکەی بەڕێوەچوو، شەریفە محەمەدی بە شێوەی ئۆنلاین بەرگری لە خۆی کرد، ئەمەش سەرەڕای داواکاری نووسراوی پارێزەرانی دۆسیەکە و داواکاری شەریفە محەمەدی بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنی دادگاییە، بەڵام ئەم داوایە لەلایەن دادگاوە ڕەتکرایەوە.

 

ئامادەنەبوونی شەریفە محەمەدی بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە دادگاییەکەدا لەلایەن بەشێک لە چالاکوانان و کەمپەینی بەرگریکردن لە شەریفە محەمەدی شەرمەزار کرا و پرۆسەی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکەدا بە نادادپەروەرییەکی ئاشکرا ناسێندرا.

 

پێشتر دۆسیەی یاسایی ئەم چالاکوانە کرێکارییە دوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لە لقی ٣٩ی دادگای باڵا، ڕەوانەی لقی دووی دادگای شۆڕشی ڕەشت کرابوو بۆ دووبارە دادگاییکردنەوە.

 

دانیشتنی دادگا لەسەر تۆمەتەکانی شەریفە محەمەدی لە ٨ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، تیایدا سیناریۆیەکی ساختە و بەبێ هیچ بەڵگەنامە و بە تۆمەتی درۆ خرایەڕوو، لەوانەش تۆمەتی "یاخیبوون" دادگایی کرا.

 

یەکێک لە تۆمەتەکانی شەریفە محەمەدی ئەندامێتی بووە لە یەکێک لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان، بەڵام بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان بە پشتبەستن بە سەرچاوە نزیکەکانی بنەماڵەکەی، شەریفە محەمەدی
ئەندامی کۆمەڵەی ڕێکخراوە کرێکارییەکان بووە، ئەم کۆمەڵەیە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان نییە.