ئازادی زیلان و زریان مەلایی خەڵکی سنە

زیلان و زریان مەلای دوو خوشکی خوێندکاری خەڵکی شاری سنە دوای چوار ڕۆژ دەستبەسەرکردنیان بە دانانی بارمتە ئازاد کران.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ئەو هەواڵەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، زیلان و زریان مەلای، دوو خوشکی خوێندکاری خەڵکی شاری سنە، کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون، بە کەفالەتی کاتی تا کۆتایی دانیشتنەکان ئازاد کران.

 

پێویستە بوترێت، ڕۆژی یەکشەممە، زریان مەلای و زیلان مەلای لە ماڵەکەی خۆیان کە دەکەوێتە ناوچەی ١٧ی شەهریوەری شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.

 

زریان مەلای خوێندکاری وەرزی یەکەمی بەکالۆریۆسی ئەندازیاری تەلارسازییە و زیلان مەلای خوێندکاری وەرزی دووەمی بەکالۆریۆسی ئەندازیاری تەلارسازییە لە کۆلێژی تەکنیکی سنەی کچان.

 

تا ئێستا هیچ زانیارییەک بڵاونەکراوەتەوە لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنەکە و ئەو تۆمەتانەی کە بڕیارە لە دژی ئەم دوو خوشکە بخرێنە بەردەست.