لە سلێمانی ژنێک بە گوماناویی گیانی لەدەستدا

لە سلێمانى ژنێک بە شێوەیەکی گوماناویی گیانی لەدەستدا و لە ئێستادا هاوژینەکەی دەستگیر کراوە، لە ٢٠٢٤دا ئەمە شەشەم ژنە لە باشووری کوردستان بە گوماناویی گیانی لەدەستدابێت.

ناوەندی هەواڵ

 

کوشتنی ژنان بەهۆی عەقڵیەتی پیاوسالاری و لە ژیانی هاوسەرگیرییدا ئەو نایەکسانییەی لە لایەن پیاوانەوە جێبەجێدەکرێت، پاڵنەرە بۆ کوشتنی ژنان، گیان لەدەستدان و کوشتنی گوماناوییش ڕۆژ بەڕۆژ لە زیاد بووندایە.

 

بەیانی ئەمڕۆ ٣ی شوبات لە شاری سلێمانی، ژنێک بە هەڵواسراوی لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە کە ناوی "پەریزاد محەمەد"ە خەڵکی شارەدێی ئاشتیی سنووری شارۆچکەی کۆیەیە، ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و دانیشتووی گەڕەکی زێڕینۆکی شاری سلێمانی بووە.

 

بەپێی وتەی وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بۆ ڕاگەیاندنەکان، دوای ڕووداوەکە هاوژینی ژنەکە دەستگیرکراوە.

 

هەفتەی ڕابردوو لانە عومەر جەوهەر، تەمەن ٢٣ ساڵ و دانیشتووی شارۆچکەی قەڵادزێ لە هەرێمی ڕاپەڕین، کە خوێندکاری قۆناغی سێی بەشی بازرگانی کۆلێژی یاسا و کارگێڕی لە زانکۆی هەڵەبجە و بە هۆی خوێندنەکەیەوە لە بەشە ناوخۆیی کچانی زانکۆکە دەمایەوە، بە شێوەیەکی گوماناوی شەوی ٢٥ی کانوونی دووەم کەوتە خوارەوە و بەهۆی برینەکەیەوە ١ی شوبات گیانی لەدەستدا، بە پێی ئاماری نوژنها لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە ئەمە شەشەم حاڵەتی گیان لەدەستدانی گوماناویی ژنانە لە باشووری کوردستان.