دادگا تۆمەتی تاوانبارەکەی گۆڕی بۆ کوشتنی بە ئەنقەست

دادگای باڵای تاوانەکانی دووەم لە شاری ئیلازگ ئەو تۆمەتەی قبوڵ کرد کە بۆ ئەفسەری پسپۆڕ موراد گوسانچیل ئامادەکرابوو کە بورجو دەمیری کوشتووە، تاوانبارەکە بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" دادگایی دەکرێت.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئیلازگ- ڕۆژی ٩ی شوبات، شاری خەربات ناسراو بە ئیلازگ لە باکووری کوردستان شایەتحاڵی کوشتنی ژنێکی تەمەن ٣٢ ساڵ بوو بە دەستی هاوژینەکەی، بە ناوی بورجو دەمیر، کە ئەندامی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی (SES) بوو.

 

بکوژ، ئەفسەری پسپۆڕ موراد گوسانچیل، بە فیشەک کۆتایی بە ژیانی هاوژینەکەی هێنا، کە ماوەیەکی کورت بوو هاوسەرگیریان کردبوو، تاوانبارەکە پێشینەی چەندین جار هەڕەشەکردنی لە هاوژینەکەی هەبوو، بەڵام دادگا لە لێکۆڵینەوەکاندا لەبەرچاوی نەکرد، بڕیاری دادگا ئەوەبوو، کە بە ئەنقەست تاوانەکەی ئەنجامداوە، بەڵام دان بە هەڕەشەکەدا نەنرا، باوکی بورجو کە شایەتحاڵی ڕووداوەکە بوو، ئاماژەی بەوەدا، کە توندوتیژی دەروونی ئەنجامدراوە و ڕۆژی تاوانەکەش بە تەکسی چووە بۆ شوێنی ڕووداوەکە.

 

موراد گوسانچیل کە دوای تاوانەکە هەڵهات، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرا، دوای بە خاکسپاردنی بورجو وتەی شایەتحاڵەکان وەرگیرا و پۆلیس تەنها ئەوەی وەرگرت کە کوژراوە، بەڵام گرنگی بەوە نەدا کە پێشوەختە موراد هەڕەشەی لە ژنەکەی کردووە.

 

چەند کاتژمێرێک پێش ڕووداوەکە هەڕەشەی کوشتنی لێکرد

ئەو تۆمەتبارە، کە هەوڵیدا بەرگری لە خۆی بکات بە بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیەی کە دەڵێت "زۆر هاندراوە و توڕە کراوە بۆیە کوشتوویەتی" و هیچ سوکایەتییەکی نەکردووە، ئەوە پشتڕاست کرایەوە کە سوکایەتی و هەڕەشەی کردووە، بە پێداچوونەوە بە تۆمارە مۆبایلەکان پێش ڕووداوەکە دەرکەوتووە، کە پەیوەندی بە باوکی بورجو دەمیرەوە کردووە و سوکایەتی پێکردوون و وتوویەتی دێم بۆ ئیلازگ و هەمووتان دەکوژم، دادگای باڵای تاوانەکانی دووەم لە شاری ئیلازگ تۆمەتەکەی قبوڵ کرد و بڕیارە لە ٤ی حوزەیران دانیشتنی یەکەم بەڕێوەبچێت.

 

"دەبێت سزای پێویست وەربگرێت"

ئەندامانی خێزانەکە داوای دادپەروەرییان کرد کە ڕێکخراوەکانی ژنان هاودەنگ بن لەگەڵ دۆزەکەدا، ڕاشیانگەیاندووە کە بورجو دەمیر دوای ئەو ڕۆژەی کە هاوژینەکەی ناسیوە ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە، بەڵام بەهۆی  هەڕەشەوە نەیتوانیوە بەجێی بهێڵێت، خێزانەکەی دوای ئەوەی زانیویانە کە ئازار دەچێژێت لەگەڵ ئەو پیاوە، پشتگیریان کردووە بۆ ئەوەی جیاببێتەوە، دەشڵێن: "تاکە داواکاریمان ئەوەیە کە تاوانبارەکە ئازاد نەکرێت و سزایەکی توندتر بسەپێنرێت، نابێت کەس دەستبەرداری سزای کارەکەی بێت. دەبێت سزای پێویست وەربگرێت".