تێکۆشان بۆ یەکسانی ڕەگەزی لە مەغریب بەردەوامە

ڕەجا ڕەحمین، ئەندامی کۆمەڵەی تێکۆشان بۆ یەکسانی و هاووڵاتیبوون، کە ماوەی ٢١ ساڵە تێکۆشان دەکات بۆ یەکسانی ڕەگەزی و دژ بە توندوتیژی دژی ژنان لە مەغریب، وتی: ئامانجمان باشترکردنی بارودۆخی ژیانی ژنانی مەغریبە.

حەنان حارت

 

مەغریب-کۆمەڵەی تێکۆشان بۆ یەکسانی و هاووڵاتیبوون ماوەی ٢١ ساڵە کاری یاسایی، دەروونی، کۆمەڵناسی و ئابووری بۆ یەکسانی ڕەگەزی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە مەغریب بەڕێوەدەبات.

 

ڕەجا ڕەحمین، ئەندامی کۆمەڵەی تێکۆشان بۆ یەکسانی و هاوڵاتیبوون، توێژەری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، ئامانجی کۆمەڵەکە بەهێزکردنی پێگەی ژنانە لە کۆمەڵگەدا، ئەزموونی خۆی بە پەروەردە بەهێزتر کردو وتی: ئەم دۆخە پاڵپشتی بەشداریکردنە لە چالاکییە بەکۆمەڵەکان و تێکۆشان بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان، پەروەردەی جۆراوجۆرم لەسەر مافی مرۆڤ و ژنان وەرگرتووە، ئەزموونەکانم بەهێزتر کرد، گوێگرتن لە کێشەکان خۆڕاگری دەوێت، چونکە ئەو ژنانەی کە هاتبوونە ناو کۆمەڵەکە بە گشتی ئەو ژنانە بوون کە تووشی توندوتیژی بوون، دەبێت گوێبگریت بەبێ ئەوەی دڵگرانیان بکەیت.

 

ئەو کۆمەڵەیە ٢١ ساڵە دژی توندوتیژی تێدەکۆشێت

 لە درێژەی قسەکانیدا، ڕەجا ڕەحمین تیشکی خستەسەر چالاکییەکانی کۆمەڵە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان و وتی: کۆمەڵەکە لە ساڵی ٢٠٠٣ دامەزراوە و لە دامەزراندنیەوە کار بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژنان و پاراستنیان و چارەسەری کێشەکانیان کردووە، بە ئامانجی گەیشتن بە یەکسانی ڕەگەزیی تەواو لە کۆمەڵگەی مەغریبدا، کۆمەڵەکە دوو ناوەندی گوێگرتنی هەیە و خزمەتگوزاری بێبەرامبەر پێشکەش بە ژنان دەکات کە تووشی توندوتیژی دەبن، وەک پاڵپشتی یاسایی، ڕێنمایی، پاڵپشتی دەروونی، هاوڕێیەتی و نێوەندگیری خێزان، کۆمەڵەکە لەسەر سێ خاڵی سەرەکی کاردەکات. خاڵی یەکەم دەسەڵاتی ئابوری ژنانە، خاڵی دووەم پەرەپێدانی مافەکانی ژنانە، خاڵی سێیەمیش گۆڕانکاری لە عەقڵیەتی حکومەتە کە ڕێگە نادات ژنان بگەنە مافەکانیان، هەموو خاڵەکان بەیەکەوە گرێدراون، ئامانجمان بەدیهێنانی یەکسانی ڕەگەزی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و باشترکردنی پێگەی ژنانی عەرەبە لە کۆمەڵگەدا.

 

"هیوامان بە ژیانێکی باشتر هەیە"

ڕەجا ڕەحمین ئاماژەی بەوەکرد، بەردەوام دەبن لە کارەکانیان بۆ نەوەکانی داهاتوو بۆ ئەوەی ژیانێکی باشتر بژین و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هەمیشە بە باشی بیردەکەینەوە و هەمیشە هیوامان بە ژیانێکی باشتر بۆ ژنان هەیە، یاسا و ڕێسای پارێزەر پێویستە، هەوڵ بۆ ئەو دامەزراوانە دەدرێت کە خزمەتگوزاری کوالیتی پێشکەش بە ژنان دەکەن و ستراتیژی ڕوون و ئاشکرا بە شێوەیەکی دروست جێبەجێ دەکەن، هیوادارین هەموو ژنان لە کۆمەڵگەیەکدا بژین کە باوەڕی بە مافەکانی ژنان هەبێت و ڕێز لە ناسنامەکەیان بگریرێت، کۆمەڵەکەمان داوا لە هەموو ژنان دەکات بەشداری تێکۆشان بۆ یەکسانی ڕەگەزی بکەن.