غەزە و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا... جەنگێک کە ژنان و منداڵان باجەکەی دەدەن

ژنانی ئاوارەی سەرێکانی پشتیوانی ژنانی غەززەن و جەخت لەوە دەکەنەوە، ڕاستی شەڕی کەرتی غەززە و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جیاواز نییە و ژنان و منداڵان هەمیشە باجەکەی دەدەن.

دەلال ڕەمەزان

 

حەسەکە- ژنان و منداڵان بە گەورەترین زیانبەرکەوتووی جەنگ دادەنرێن و سەرەڕای پەسەندکردنی چەندین یاسا کە پاراستنیان دابین دەکات لە ماوەی ناکۆکییە چەکدارییەکاندا، هێشتا زۆرترین باج دەدەن و ژنانی سەرێکانی لە ناوچەکەدا دوای هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر شارەکە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ و ئاوارەبوونی دانیشتوانەکەی چەندین ساڵە ئازار دەچێژن بەتایبەتی لە ماوەی شەڕی ئەم دواییەدا.

 

ژنانی ئاوارەی سەرێکانی لە ناوچەی زرگان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پشتیوانی لە ژنانی غەززە دەکەن و جەختیان لەوە کردەوە، پێویستە بەهێز و ئارامگر بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئاستەنگییەکان، تا ئەو کاتەی سەرکەوتن و ئاشتی بەدەست دەهێندرێت.

 

"کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ هەڵوێستێکی ڕاستەقینەی نەنواندووە"

سەلوا محەمەد، ژنێکی ئاوارەی خەڵکی سەرێکانی وتی: ژنانی غەززە وەک ژنانی ناوچە داگیرکراوەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەمان بارودۆخی شەڕ و ئاوارەبووندا دەژین و چەندین پێشێلکاری لە دژیان ئەنجام دەدرێت، زیاتر لە مانگێکە ژنان لە شاری غەززە ڕووبەڕووی بۆردوومان و گەمارۆدان بوونەتەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ هەڵویستێکی ڕاستەقینەیان نەنواندووە.

 

سەلوا محەمەد بە باسکردن لە دیمەنەکانی ئەو ژنانەی کە هەوڵی پاراستنی منداڵەکانیان دەدەن و دەیانگوازنەوە بۆ شوێنێکی سەلامەتتر، ئاماژەی بەوەدا، ئەو دیمەنانە ئەوەی بیردەخاتەوە کە ئەزموونی کردووە کاتێک تورکیا و بەکرێگیراوەکانی هێرشیان کردە سەر شارەکەیان، لە هەمان بارودۆخدا دەژین و هەستیان پێدەکەن، وتیشی: ژنان و منداڵان زۆرترین ئازار دەچێژن لەو ناوچانەی کە شەڕی تێدا هەیە، بەزۆر لە شارەکەمان ئاوارە بووین، هاوڵاتی مەدەنی بێچەکین کە هیچ تاوانێکمان لە دژی هیچ کەسێک ئەنجام نەداوە، زۆر ئازار دەچێژین لەژێر ئاوارەبوونی بەزۆردا، ئێستا چەند کیلۆمەترێک لە خاکەکەمانەوە دوورین، بەڵام ناتوانین بچینەوە.

 

هاوسۆزی خۆی بۆ ژنانی غەززە دەربڕی و ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە بەهێز و ئارامگر و ئامادەبن و ڕێگە نەدەن دوژمنەکان سووربوونیان لاواز بکەن.

 

"پشتیوانی ژنان و منداڵانی زیانبەرکەوتووی غەززەین"

سەعدیە عیدۆ ژنێکی دیکەی ئاوارە جەختی لەوە کردەوە، ئەوەی ژنانی غەززە ئەزموونی دەکەن هاوشێوەی ئەوەیە کە لە زرگان ڕوودەدات، وتی: لە نزیک هێڵەکانی پێشەوە لەگەڵ داگیرکاری تورکیا و بەکرێگیراوەکانی دەژین و ڕۆژانە بە هەموو چەکی قورسەوە بۆردومان دەکرێین و ئەم بۆردومانە بەردەوامە کاریگەری لەسەرمان دەکات و منداڵان دەترسێنێت، ناچارین بەردەوام لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە بۆ گەڕان بەدوای سەلامەتیدا کۆچ بکەین، سەرەڕای هەموو ئەو بارودۆخانە و کۆڵ نادەین و هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرنجی ئەوە بدات کە لە هەرێمەکانمان ڕوودەدات.

 

وتیشی: وەک ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پشتیوانی خۆمان بۆ ژنانی دڵ و ڕۆحی غەززە ڕادەگەیەنین و دڵتەنگین بەو هێرشە دڕندانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دەبنەوە و هاوسۆزی ئەو منداڵانەین کە زیانبەرکەوتووی جەنگن و هیچ تاوانێکیان نییە.