ژنانی بیانی: ژنی کورد بووە بە ئیرادە بۆ ژنانی جیهان

لە سەردانی گروپێک لە ژنانی چالاکوان و نووسەر و ڕۆشنبیری بیانی بۆ لای ڕژاک، باس لە  ژنانی ڕەنج و خەباتی ژنانی کورد کرا، کە بوونەتە سەرچاوەی ئیرادە بۆ ژنانی جیهان.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک پێشوازیان لە شاندێکی ژنانی چالاکوان و نووسەر و ڕۆشنبیری بیانی کرد و گفتوگۆ دەربارەی دۆخی ژنانی باشووری کوردستان کرا، تیشک خرایەسەر تێکۆشانی ژنی کورد کە چۆن بوونەتە سەرچاوەی هێز بۆ ژنانی جیهان.

 

ژینۆ ڕەشید، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک باسی خەبات و تێکۆشانی ژنانی باشووری کوردستان و کار و چالاکی ڕێکخراوەکەی کرد، کە چۆن ژنان لە ڕێگەی پەروەردە کردنەوە هۆشیار دەکەنەوە دەربارەی ماف و ئەرکەکانیان لە کۆمەڵگەدا، ژنان چۆن بتوانن منداڵێکی تەندروست و پەروەردەکار بخەنە کۆمەڵگەوە، هەروەها وتیشی: کاتێک ژنێک لە باشووری کوردستان توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت، ئێمە بە یاداشت و هاتنە سەر شەقام ناڕەزایەتی دەردەبڕین، بۆیە بە دروشمی "شۆڕش، شۆڕشی ژنە" بەردەوام دەبین لە خەبات.

 

ڕووناک مەجید، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە کۆبوونەوەکەدا وتی: لە باشووری کوردستان دەسەڵات بە پەیڕەوکردنی ئەقڵیەتی پیاوسالاری بەڕێوەدەچێت و ژنان دەچەوسێنێتەوە، بۆیە دەبینین ڕۆژانە ژن کوشتن لە زیادبووندایە.

 

هەروەها ژنانی شاندەکە ئاماژەیان بەوەکرد، کە دنیای دەرەوە و ئەوروپا بەو شێوەیە نییە لە ڕاگەیاندنەکاندا دەبینرێت و ئەوە تەنها لایەنە باشیەکەیەتی، بەڵکو لە وڵاتانی ئەوروپاش بە هەمان شێوەی کوردستان ژنان دەکوژرێن و ئامارەکانی کوشتنیش ئاشکرا ناکرێن.

 

ژنانی بیانی باسیان لە ژنانی کورد و بەتایبەت ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد، کە بوونەتە ئیرادە و وتیان: ئێمە هێز و ئیرادە لە ژنانی کوردەوە فێر دەبین و ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان وەک سیمبۆلی بەرخودان دەبینین، بۆیە دەمانەوێت بە یەکەوە کار بکەین لەگەڵ ژنانی پارچەکانی کوردستان تا کێشەکانی ژنان چارەسەر بکەین.