سیمینارێک دەربارەی توندوتیژی ئەنجام درا

لە سیمینارێکدا ڕووناک مەجید دەڵێت: پەروەردەی ناتەندروست، دوو جۆر کەسایەتی دروست دەکات، یان ژێر دەستە، یان توندوتیژ.

سلێمانی

 

ئێوارەی ئەمرۆ، ڕێخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، سیمینارێکی بۆ ڕوناک مەجید لە ناوەندی ڕێخراوی ڕژاک بە ناونیشانی "کاریگەری توندوتیژی لەسەر سایکۆلۆژی دایکان و مناڵان" ڕێکخست.

 

لەم سیمینارەدا، ڕوناک مەجید باسی لەو کاریگەریانە کرد کە تاک دووچاری دەبێتەوە لە ئەنجامی تووندووتیژی و پەروەردەی نا تەندروستەوە.

 

هەروەها باسی لەوەش کرد، کە ئاسوودەیی دایک لە ماوەی دووگیانیدا، کاریگەریەکی زۆری هەیە لەسەر ئاسوودەیی منداڵەکەش، لەگەڵ ئەوەشدا، توندوتیژیە سێکسیەکان بڵاون و کاریگەری لەسەر منداڵان دادەنێت، هەر بۆیە پێویستە دایکان و باوکان هۆشیاری زیاتریان هەبێت تا منداڵەکانیان بپارێزین لەو توندوتیژیە.

 

ڕوناک مەجید، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەرایەتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، وتی: وەک دەزانین ئێمە لە قۆناغێکی زۆر جیاوازداین لە باشووری کوردستان، کە تا ئێستا تێنەگەشتنمان لە گەشە کردنی منداڵ لە سەرەتای دروست بوونیەوە تا کۆتایی تەمەنی، هەم لە ڕووی دەروونی و هەم لە ڕووی زانستیەوە هەیە، تا بزانین کە مرۆڤ گەشە دەکات لە ڕووی ئەقڵیەوە و جەستەییەوە چۆن گەشە دەکات.

 

ئەمانە هەمووی کاریگەری لەسەر شێوازی مامەڵە کردن هەیە لەگەڵ تاکەکاندا هەر لە قۆناغەکانی سەرەتای ژیانیان تا ناو زانکۆکانیش دەبینین، کە کۆمەڵێک کەیسی جیاواز هەیە لە زانکۆکاندا، لە قوتابخانە و دایەنگەکاندا و بگرە لە ناو خێزانیشدا، ئەمانە کاریگەریان لەسەر سایکۆلۆژیای خێزان و کۆمەڵگە دروست دەکات و دووبارە وادەکات توندوتیژی بەردەوام بێت.

 

ڕوناک مەجید، ئاماژەی بەوەش کرد: ئێمە بە هەڵە تێگەشتووین لە بابەتی پاداشت و سزا، چونکە ئەم دوانە دوو چەمکی زۆر جیاوازن، کە مرۆڤ چۆن دەتوانێت مامەڵەیان لەگەڵ بکات، چونکە گەر بێت و بە هەڵە ئەنجام بدرێت دوور لە بنەما زانستی و کۆمەڵایەتیەکان وا دەکات کە دوو کەسی زۆر جیاواز و نا تەندروست دروست ببێت،  یەکەمیان، کەسێک کە وابەستە و ژێر دەستەیە، هیچ سەربەخۆ نیە، دووەم، کەسێکی تووندووتیژە، بۆیە ئێستا ئەم دوو جۆرە لە کەسایەتی لە کۆمەڵگەدا دەبینرێت و گەر ئەو کەسانەش بەم کاریگەریانەوە ببن بە ڕابەر و سەرکردە، ئەوا توندوتیژانە سەرکردایەتی گەل دەکەن.