هاوسەرۆکانی شارەوانیەکانی دەم پارتی لە پاش سەرکەوتن دەستبەکار بوون

هاوسەرۆکانی شارەوانییەکان لە دوای سەرکەوتن و دەست بەکاربوونیان، لەگەڵ سەدان کەسدا چوونە شارەوانی و ڕایانگەیاند، شارەوانی شارەوانی گەلە و بۆ خزمەتی گەلە.

ناوەندی هەواڵ

 

هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان-دەم پارتی، لەدوای سەرکەوتنیان و دەست بەکاربوونیان لەگەڵ سەدان کەس چوونە ناو شارەوانییەوە، لەوانە سۆفیا ئالاگاش و محمەد کایسی هاوسەرۆکانی شارەوانی سێرت، کە دەنگێکی زۆرییان بەدەست هێنابوو دەست بەکاربوون.

 

شاندێک لە هاوشارەوانییەکان، ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی، ساباحات سارتاش ئەردۆغان پەرلەمانتاری سێرتی دەم پارتی و هاوسەرۆکی دەم پارتی سێرت، پێکەوە چوونە ناو بینای شارەوانی.

 

سۆفیا ئالاگاش هاوسەرۆکی شارەوانی سێرت باسی لەوەکرد، خەڵکی سێرت کارێکی مەزنیان کرد و خاوەندارییان لە ئیرادەی خۆیان کرد و ووتی: ئەم شارەوانیە شارەوانی گەلە لە خزمەتی گەلدا دەبین نەک لە خزمەتی تاکەکاندا، لەخزمەتی شارەکەدا دەبێت با هیچ کەس گومانی لەمە نەبێت گەل ئەرکی خۆی بەجێگەیاند و ئێستا نۆرەی ئێمەیە خزمەتی سێرت بکەین، خزمەتی هەموو کەسێک دەکەین، خزمەتی ئەوانەش دەکەین کە دەنگیان پێنەداوین، بۆ ئەوەی جوانترین خزمەت بە سێرت بکەین هەرچیمان لەدەست بێت دەیکەین.

 

محمەد عەلی ئاماک و مونەڤەر ئۆلکەر هاوسەرۆکانی شارەوانی ئارتووکلی مێردین، بە دەهۆڵ و زوڕناوە بە هاوەڵی سەدان کەس بەرەو بینای شارەوانی بەڕێکەوتن، مونەڤەر ئۆلکەر هاوسەرۆکی شارەوانی وتی: ئەوان بۆ شارەوانی گەل هاتوون، لە چوارچێوەی نوێنەرایەتی یەکسانیدا خزمەتی تەواوی گەلمان دەکەین.