لە سوەیدا ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت داوای مافەکانیان دەکەن

بزووتنەوەی ئاشتیخواز لە شاری سوەیدای سووریا لە ١٠٧ەمین ڕۆژی لەسەر یەک بەردەوامە بە بەشدارییەکی بەرفراوان لە فێمێنیستیدا بۆ داواکردنی ئازادی و دیموکراسی و گۆڕانکاری سیاسی.

ڕوشیل جونیور

 

سوەیدا- دوای زیاتر لە سێ مانگ لە دەستپێکردنی خۆپیشاندان لە شاری سوەیدای و، ژنان هەموو ڕۆژێک بەبێ ماندووبوون بەردەوامن بۆ داواکردنی دامەزراندنی حکومەتێکی دیموکراتیک کە ڕێز لە مافە مەدەنییەکانی هاوڵاتیان بگرێت، بەتایبەتی مافەکانی ژنان.

 

هەموو ڕۆژێک سووربوونی خۆیان دووپات دەکەنەوە بۆ شکاندنی هەموو ئەو سنوورانەی کە کۆمەڵگە و حکومەتی شام سەپاندویەتی، لە ١ی کانوونی یەکەم دەیان کەس لە شارەکە کۆبوونەوە و خەڵکی خاوەن پێداویستی تایبەت بەشدارییان لە بزووتنەوەکەدا کرد لە گۆڕەپانی کەرەمە.

 

"حکومەتی شام داواکارییەکانمان پێشێل دەکات"

دەلەع ئەبو فەدل، خۆپیشاندەرێکی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە سەرەڕای باری تەندروستی مەترسیدارو بەکارهێنانی کورسی کارەبایی بۆ ڕۆیشتن، سوور بوو لەسەر ئەوەی لەگەڵ هاوتاکانی بەشداری بکات لەم بزووتنەوە ئاشتیانەیەدا و داوای باشترکردنی بارودۆخی ژیان بەگشتی و بارودۆخی ئەو کەسانە دەکات کە خاوەن پێداویستی تایبەتن بەتایبەتی کە بەهۆی تێچووی بەرزی چارەسەر و چاودێری و نەبوونی یاسای دادپەروەرانە دەناڵێنن.

 

وتیشی: داوا لە خوێندنگەکانی خۆمان دەکەین کورسی ئاسوودە و جلوبەرگ و هەموو خەرجییەکان بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ئامادە بکەن، حکومەتی شام زۆرێک لە داواکارییەکانمان پشتگوێ دەخات، دەبێت سەیری بارودۆخەکەمان بکات، کە ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت بەبێ هیچ کردار و چارەسەرێک.

 

"ڕفاندن و دەستگیرکردن زیادی کردووە"

لە لایەکی دیکەوە، خۆپیشاندەر ڕانیا عەریج وتی: داواکارییەکانمان ڕەوایە، دەمانەوێت بە ئازادی و شکۆمەندی بژین و مافە مەدەنییەکانمان بەدەست بهێنن، لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بێبەش کراوین، هەموو ئەوانەی لەم گۆڕەپانەدا بوون هاتبوون بۆ ئەوەی داوای مافەکانیان بکەن کە دەبوایە پێیان بدەن بەبێ ئەوەی داوایبکەن، شارەکەمان هەموو شتێکی لەدەستداوە بەتایبەتی ئاسایش، لە منداڵەکانمان دەترسین کاتێک دەچن بۆ خوێندنگە زۆر شت ڕوودەدات کە نیگەرانی لێدەکەوێتەوە، چونکە ڕفاندن و دەستگیرکردن زیادی کردووە.

 

وتیشی: ئەم بزووتنەوە ئاشتیانەیە پێویستییەکی بەپەلەیە بۆ خەڵک بۆ دەربڕینی ڕەتکردنەوەی پێشێلکارییە بەربڵاوەکان کە نەک تەنها لە سوەیدا، لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوبوونەتەوە، هەروەها داواکردنی مافە مەدەنییەکان و ئازادکردنی دەستگیرکراوانی مەدەنی و سیاسی.

 

"ژنان هیچ جیاوازییەکیان لەگەل داواکاری تەواوی کۆمەڵگە نییە"

سەلام ئەلنەبوانی، وتی: بیرۆکەی سەرەکی بەشداریکردنی ژنان لە بزووتنەوەکەدا ئەوەیە کە ئەوان بەشێکی تەواوی کۆمەڵگەن و داواکارییەکانیان هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ داواکارییەکانی تەواوی کۆمەڵگەدا نییە، بەڵام چەندین بار و بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن و سەرەڕای ئەوەش خۆیان لە هەمان ڕێڕەو لەگەڵ تەواوی کۆمەڵگەدا دەبینن و پشتڕاستی دەکەنەوە کە ڕۆڵیان بۆ بەدەستهێنانی مافەکان هەیە.

 

هەروەها ئاماژەی بە دیاردەی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە سوەیدا کردوو وتی: بوونی ئەو ماددانە بووەتە شتێکی ئاسایی لەبەر ئەوەی گەندەڵی حکومەتی شام سەریهەڵداوە و سەرۆک وەزیران هیچ خزمەتگوزارییەکی پێشکەش بە هاوڵاتیان نەکردووە، بۆیە شایانی ئەوە نییە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.