ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆیەکی ئێران توشی ژەهراویبوون بوون

شەوی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی زانکۆی تەکنەلۆجیای ئەراک بەهۆی خواردنەوە تووشی ژەهراویبوونی خۆراک بوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

ناوەندی هەواڵ

لەگەڵ دەستپێکی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران، دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی سەقز، زانکۆکانی ئێران بوونەتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی ناڕەزایەتییەکان دژی ڕژێمی ئێران.

 

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، خوێندکارانی زانکۆی تەکنەلۆجیای ئەسفەهان، زانکۆی خورازمی کەرەج، زانکۆی علامە تەباتەبایی و ئەمجارە خوێندکارانی زانکۆی تەکنەلۆجیای ئەراک تووشی ژەهراویبوونی خۆراک بوون، کە ئەنجومەنی سەندیکای خوێندکارانی ئێران بە "ژەهراویبوونی زنجیرەیی" وەسفیان کردووە و بەشێکی دیکەی خوێندکار کەناڵەکان بە "ژەهراویکردنی بە ئەنقەست خوێندکاران" وەسفیان کردووە.

 

ڕۆژی پێنجشەممە، ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی زانکۆی تەکنەلۆجیای ئەراک بەهۆی خواردنەوە شەوی پێشوو ژەهراوی بوون و تووشی نیشانەکانی سکچوون و ئازاری جەستە و تا و لەرزین بوون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.

 

دوابەدوای ژەهراویبوونی بەربڵاوی خوێندکاران لە زانکۆکانی ئێران، ئەنجومەنی یەکێتیی خوێندکارانی ئێران ئەم شەپۆلە ژەهراویبوونەی بە زنجیر و بە ئەنقەست وەسف کرد و وتی: "دەسەڵاتدارانی زانکۆی تەکنەلۆجیای ئەراک بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە هۆکاری ئەم دۆخە ئەوە بووە کە خوێندکارەکان تووشی جۆرێک ڤایرۆس بوون، بەڵام ئەم ئەنجومەنە ڕایگەیاندووە، بە پشتبەستن بەو ئەزموونەی ئەم دواییە لە زانکۆی تەکنەلۆجیای ئەسفەهان چاودێری کراوە، ئەو هەواڵە نادروستە".

 

هەرچەندە مێژووی ژەهراویبوونی گروپی لە نێو خوێندکارانی زانکۆ جیاوازەکانی ئێراندا هەیە، بەڵام بەزۆری لە زانکۆیەک و یەک شاردا سنووردارە، بەڵام لە هەفتەی ڕابردووەوە خوێندکارانی چوار زانکۆ لە چوار شاری جیاوازی ئێران تووشی ژەهراویبوونی بەکۆمەڵ بوون.

 

یەکەم حاڵەتی ژەهراویبوونی خۆراکی بەکۆمەڵی خوێندکاران لە ڕۆژی چوارشەممە، لە زانکۆی تەکنەلۆجیای ئیسفەهان دەستیپێکرد، کە لانیکەم چوار ڕۆژ بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا سەدان خوێندکاری ئەم زانکۆیە ژەهراوی بوون.